زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان دکتۆرانامەیەک لەبارەی پرسی کورد دەکاتە کتێب


رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ناوەندێکی ئەکادیمی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، دکتۆرانامەی کوردێک لەبارەی پرسی کورد دەکاتە کتێب و بڵاویدەکاتەوە. کتێبەکە بە ناونیشانی "یەکێتیی ئەوروپا و پرسی کورد: یەکێتیی ئەوروپا وەک ئەکتەرێکی واقیعبین و بنەماساز"، بریتییە لە هەڵسەنگاندنێکی چڕ و وردی سیاسەت و مامەڵەی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ پرسی کورد-دا لە هەر چوار پارچەی کوردستان. 
 
ئەم کتێبە لەبارەی بنەمای دکتۆرانامەی کوردێکە بە ناوی (زانا کوردە) کە ساڵی رابردوو لە بواری زانستی سیاسی لە زانکۆی ئازادی برۆکسل بەدەستیهێنا.
 
زانا کوردە لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای دکتۆرانامەکەی "ئەنستیتۆی توێژینەوە بەراوردکارییەکان بۆ یەکگرتنی هەرێمایەتی" (Institute on Comparative Regional Integration Studies) کە بەشێکە لە زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییان پێوە کردووە و پێشنیازیان کردووە دکتۆرانامەکەی وەک کتێب بڵاو بکەنەوە، چونکە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەوان دکتۆرانامەکە بۆشاییەکی ئەکادیمی پڕکردووەتەوە و دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ توێژینەوە زانستییەکان.
 
هەروەها نووسەری کتێبەکە رایگەیاند، جێگەی شانازییە زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کتێبێک لەبارەی پرسی کورد بڵاودەکاتەوە و لۆگۆی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر دادەنێت. زانا کوردە هیوادارە کتێبەکە ببێتە سەرچاوەیەکی زانیاری بۆ ئەو کەسانەی کە دۆسیەی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا دەگرنە ئەستۆ، هەروەها بۆ قوتابییان و خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە بوارەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زانستی سیاسیدا.
 
کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە و لە بەشێک لە ماڵپەرەکان وەکو ئەمازۆن، بە شێوەی هاردکۆپی و پی دی ئێف بەردەستە.
 
د. زانا کوردە هیوای خواست کە لە داهاتوودا ئەو کتێبە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، بۆ ئەوەی بازنەیەکی فراوانتر لە خوێنەری کورد سوود لە زانیارییەکانی وەربگرن. 
زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان 
 
زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations University) ناوەندێکی فەرمی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئامانجی سەرەکی ئەم زانکۆیە بریتییە لە کارکردنی ئەکادیمی-زانستی لەسەر ئەجێندای نەتەوە یەکگرتووەکان و کارکردن وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەک و بازنەی ئەکادیمی جیهانی لە لایەکی دیکەوە. زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان 14 ئینستیتیوتی لەخۆگرتووە لە 14 شاری جیاواز لە جیهاندا و بارەگای سەرەکییان لە تۆکیۆ، پایتەختی ژاپۆنە.