رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەپێی یاسای هەموارکراوی زیندانییە سیاسییەکانی عێراق ئاوارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە زیندانی سیاسی لە قەڵەم دراون و دەبووایە هەموویان مانگانە ملیۆنێک دیناریان وەربگرتایە.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە یاسای هەموارکراوی ساڵی 2013ی زیندانییە سیاسییەکانی عێراقدا هەموو ئاوارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە کە دەیان هەزار کەسن، بە زیندانی سیاسی لە قەڵەم دراون. دەبووایە هەموو ئەو هەڵەبجەییانەی دوای کیمیاباران ئاوارەی ئێران بوون مووچەی زیندانی سیاسی وەربگرن. من دوو ساڵ و شتێکە کار لەسەر ئەمە دەکەم و پشت بە خوا دەیگەیەنمە ئەنجام. تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی کورد لە عێراق ئەم پرسەی باس نەکردووە و نەجووڵاندووە کە هەمیشە سەرۆکی کۆمار، جێگری سەرۆکوەزیران و چەندین وەزیرمان هەبووە. تەنانەت ئەم مافە سەرەتاییە کە یاسایەکی فیدراڵی بە خەڵکی هەڵەبجەی داوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەک جاریش لەگەڵ حکومەتی عێراقدا باسی نەکردووە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر ئەمە بکرێت، مانگانە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی هەڵەبجە مووچە بە بڕی ملیۆنێک دینار وەردەگرن کە ئەوەیش دەبێتە مایەی بووژاندنەوەی شارەکە. ئەمەیش قەرەبوویەکی یاساییە و لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.
هەڵەبجە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە فەرمی کرایە پارێزگا و لە پارێزگای سلێمانی جیابووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک پارێزگای ژمارە 19ـی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.
د. موسەننا ئەمین گوتی: "لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ـەوە نووسراوێکم بۆ سەرۆککۆمار ناردووە کە پێویستە پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بجووڵێنرێت. بە سوپاسەوە ئەو د. عەلی شوکری، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆکایەتیی کۆماری راسپاردووە و لەگەڵ وەزیری پلانداناندا لەسەر هێڵە. دوو هەفتە لەمەو پێش لە بەغدا جارێکی دیکە ئەم بابەتەم لەگەڵ باس کردن. هەفتەی پێشوو بڕیار بوو لیژنەیەک لە وەزارەتی پلاندانانەوە سەردانی هەڵەبجە بکەن، بەڵام رێگرییەکی تەکنیکییان بۆ دروست بووە، رەنگە لەم هەفتەیەدا بێن سنووری یاسایی پارێزگاکە دیاری بکەن و هەڵەبجە بکەنە پارێزگای ژمارە 19ی عێراق."
هەڵەبجە لە رووی جوگرافییەوە شوێنێکی کەنارە، گەشەسەندنێکی سرووشتییانەی ئابووریی تێدا نییە و، رێگەیەکی بازرگانیی لەسەر نییە؛ تاوەکو ئێستا ناوچە سنوورییەکانی سازان و تەوێڵە نەکراونەتە دوو دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی کە جۆرێک لە گەشەسەندن و جووڵەی ئابووری دروست بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە کە خۆی خەڵکی هەڵەبجەیە دەڵێت: "لە هەڵەبجەدا کەرتی کشتوکاڵ کەرتێکی سەرەکییە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پشتی بە کەرتی کشتوکاڵ نەبەستووە و هیچ خزمەتگوزارییەکیشی بۆ پێشکەش ناکات، هەروەها کەرتی تایبەتیش لە شارەکەدا بەردەوام بەرەو دواوە دەچێت. هەم حکومەت پرۆژەی نییە بۆ ئاوەدانکردنەوە و خزمەتی شارەکە هەم کەرتی تایبەتیش دەرفەتی گەشەکردن و گەورەبوونی نییە. ئەمانەیش بوونەتە هۆی دواکەوتنی شارەکە و کۆچکردنی بەشێکی زۆری خەڵکەکەی بۆ شارەکانی دیکە."
هەڵەبجە وێڕای ئەوەی هێمای قوربانیدان و خەباتی نەتەوەی کورد بوو و هۆکارێکی سەرەکیی رزگاربوونی هەموو عێراقییەکان بوو لە رژێمی پێشوو، بەڵام ئەو شارە شتێکی وای بۆ نەکراوە کە شایەن بە قوربانیدانی بێت.
د. موسەننا ئەمین گوتی: "دەبوو هەڵەبجە بکرایەتە مۆزەخانەیەکی گەورەی کراوە بۆ هەموو ئازارەکانی نەتەوەی کورد. شارەکە لەسەر دەستی خەڵکەکەی ئاوەدان کراوەتەوە و زۆرێک لەو پرۆژانەی بۆی کراون خێرخوازین و هی دەوڵەمەندەکانی هەڵەبجەن. ئەو پرۆژانەی حکومەت کردوونی کەمن و پڕن لە گەندەڵی کە دیارترینیان نموونەی نەخۆشخانەی چەکی کیماییە کە ئێستایش ئەگەر بە هەندێک هاوکاریی دەرەکی نەبێت، کەمترین پێداویستیی تێدا نییە."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر رەوشی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجەدا بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دۆخی شارەکە بەرەو دواوە دەچێت و خەڵکەکەی بار دەکەن.
بەشێکی دانیشتووانی هەڵەبجە گلەیی ئەوە دەکەن کە حکومەت تەنیا لە هەڵبژاردن یان بۆنەی کۆژانەکاندا بیری دەکەوێتەوە کە شتێک هەیە ناوی هەڵەبجەیە و، کۆمەڵێک بەڵێن دەدەن و دواتر جێبەجێیان ناکەن.
پەرلەمانتارەکەی عێراق گوتی: "ئێمە چەند ساڵە لە بودجەی گشتیی عێراق بڕێکی باش بۆ هەڵەبجە دابین دەکەین، کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەمتەرخەمیی خۆیەوە ئەوە وەرناگرێت. ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە بە تەواوەتی لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە، چونکە ئەو بە تەواوەتی وێرانی کردووە و خەڵکەکەیی جینۆساید کردووە."
هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و، لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، لە رێکەوتی 13ی ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاتێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو، بڕیاری بە پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو، لە 31ی کانوونی یەکەمی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵەبجەی بەپارێزگا ناساند، بەڵام کارەکانی تەواونەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ