دارستانەکانی بەدلیس، چەولیگ و دێرسم دەسووتێن
رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی بەدلیس، چەولیگ و دێرسمی باکووری کوردستان بەردەوامن. بەهۆی خێرایی با ئاگرەکان تەشەنە دەکەن و لە چەولیگ ئاگر لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵک نزیکبووەتەوە.
لە پارێزگای بەدلیس ئەو ئاگرەی رۆژی 30ـی ئاب لە دارستانەکانی ناوچەی "ئاڤا وەقفێ" دەستیپێکرد، وێڕای بەردەوامی هەوڵەکان بەتەواوەتی کۆنترۆڵ نەکراوە.
خەڵکی ناوچەکە بە هەوڵی خۆیان بەشێکی بچووکی ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە، بەڵام ئاگرەکە هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە و خەڵکی ناوچەکە داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن.
لە پارێزگای چەولیگیش ئەو ئاگرەی لە 29ـی ئابەوە لە دارستانەکانی گوندی "چیکان" و "ساریتۆسوون" سەر بە شارۆچکەی "خۆرخۆل" کەوتووەتەوە، بەهۆی خێرایی با تادێت زیاتر تەشەنە دەکات.
ئاگرەکە 6-7 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی خۆرخۆل دوورە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پارێزگای چەولیگ داوای هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
لە پارێزگای دێرسم دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی خۆزات کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 29ـی ئاب ئاگر لە دارستانەکانی دوو شارۆچکەی دیکەی ئەو پارێزگایە کەوتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی دێرسم و تیمەکانی شارەوانی و تیمە خۆبەخشەکان هەواڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان دەدەن.