رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی دۆگشمان لە سنووری ناحیەی رەشاد لە پارێزگای کەرکووک، لە هێرشەکەدا 25 مانگا و 7 مەڕ و بزن کوژران و سێ ئۆتۆمبێل و دوو تراکتۆر سوتێنراون، دوو خانووش گڕیان تێبەردراوە.
بەرەبەیانی رۆژی 31-08-2021 کاژێر 1:30 خولەک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندێک لە کەرکووک. حوسێن زێدان دوو ساڵ پێش ئێستا کاتێک خەڵکی گوندی دۆگشمان رووبەڕووی داعش بوونەوە، باوکی لەدەستدا. ئێستاش کە خاوەنی دەیان مەڕ و ماڵات بوو، لە ماوەیەکی کەمدا هەرچی هەیبوو کەوتە بەر دەستڕێژی چەکدارانی داعش و ئەو دەڵێت، "زیانەکانمان بە پارە پێوانە ناکرێ، چەکدارەکان بۆ کوشتنی خەڵکی گوندەکە هاتبوون، بەڵام دوای ئەوەی رووبەڕوویان نەبووینەوە ئەم کارەساتەیان خوڵقاند".
حوسێن زێدان دەڵێت، "چەکدارەکان هاتنە گوندەکەوە، ئێمە لە ماڵەکانمان گیرمان خوارد، بە هیچ جۆرێک دەرگەمان نەکردەوە، ئەوان دەسووڕانەوە بە دەوری خانووەکانمانەوە دەیانویست دەربچین، ئێمە دەرنەچووین، داخی دڵی خۆیان بە ماڵ و ئۆتۆمبێل و تراکتۆر و مەڕ و مانگاکانمان رژاند، بەخوا زیانێکی زۆرە ئێمە داواکارین ئاسایشمان بپارێزرێ، زۆر پێویستە".
چەکدارەکان بە چەکی ئارپیجی هەوڵی رووخاندنی چەند خانوویەکیشیان داوە، جگە لە کوشتنی دەیان سەر مەڕ و ماڵات، سێ ئۆتۆمبێل و دوو تراکتۆری دانیشتووانی گوندەکەشیان سوتاندووە، خەڵکی گوندەکە لە دوای ئەو هێرشەوە لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین و بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە دەکەنەوە گەر سەقامگیرییان بۆ دابین نەکرێت.
خەتاب مستەفا، دانیشتووی گوندی دوگشمان دەڵێت، "بەخوا ئاسایش و سەقامگیریمان دەوێ، داوامان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە کە ئاسایشی گوندەکە بپارێزن، ئەگەر ئەم رووداوانە هەبێ گوندەکە چۆڵدەبێ".
محەممەد ساڵح، دانیشتووێکی دیکەی گوندی دوگشمان دەڵێت، "دەبێ کامێرای شەوان دابنرێ، ئەگەر ئەوە هەبێ ئەوانە نایەن، چەکمان پێویستە بۆ خەڵکەکە، هەروەها خاڵی هێزەکان زیادبکەن".
خاڵێکی هێزە سەربازییەکان لە گوندی دۆگشمانەوە نزیکە، دوای رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان بە هانای خەڵکی گوندەکەوە هاتوون، بەڵام کاتێک فریایان کەوتن هەموو شتێكیان لەنێوچووبوو.
ئەمڕۆ 31-08-2021 داعش راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە لە گرووپەکانی تێلێگرام بڵاوکردەوە و بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتەئەستۆ، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هێرشیانکردووەتە سەر "حەشدی عەشائیرین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ