رووداو-سلێمانی
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی باس لەوە دەکات پێش کۆنگرە پڕوپاگەندە دژی خۆی و خێزانەکەی بڵاودەکرێتەوە. دەڵێت بەشداریی کۆنگرە دەکات و ئامادەیە بۆ دادگاییکردنی لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی.
سامان گەرمیانی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نامەیەکی کراوەی ئاراستەی جێگرانی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی دەکات و دەڵێت: "لەدوای بەربژێرکردنم بۆ وەرگرتنی پۆستێکی باڵا لە حکومەتی نوێدا کەسانێک هەستاون بە تۆمەتبارکردنم بە هەڕەشە و پەلاماردان. ئێستاش کە بەرەو کۆنگرە دەڕۆین بۆ جاری دووەم دەستکراوە بە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و درۆی بێبنەما لەسەر بەندە و خێزانەکەم، وەکو بەشێك لە پیلانگێڕی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی كۆنگرە و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێو یەکێتی".
گەرمیانی دەڵێت: "ئەمە شێوازێکی زۆر قێزەونە بۆ بەدەستهێنانی مەرامە گڵاوەكانیان كە یەكێتی وەك كۆمپانیایەك دەبینن بۆ تێركردنی ئارەزووەكانیان یاخوود بۆ بەشبەشکردنی یەکێتییەکەمان و رێگریکردن لە پرۆسەی نوێبوونەوە و گەڕانەوە بۆ لووتکە".
سامان گەرمیانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حیزبەکەم بەڵێنیان پێداوم هەوڵی جدی بدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی هەوڵی ناشیرینکردنی من دەدەن بە ناڕاستەوخۆ، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، سەرکردایەتیش پێیانڕاگەیاندووم ئەوانە وەک سەگوەڕ دەبینن و ناتوانن مێژووم ناشیرین بکەن".
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "ئەوەی پێمکرابێت بۆ یەکڕیزی نەتەوەکەم کردوومەو لەمسەری راست بۆ ئەو پەڕی چەپ رێزمگرتوون، یەکێکبووم لەو سەرکردانەی یەکڕیزی حیزبەکەم پاراستووە. بەڵام کەسانێک هەن چاویان بەمنێک هەڵنایەت کە لە دانوستاندنەكەی ساڵی 1984 بەعسییەکان لە هەموو پێشمەرگەی كوردستان خۆشبوون تەنیا لە (شەهید سەید كەریم، مامە ڕیشە، ئازادی سەگرمە و من ) نەبێت، چونكە هەرشوێنێك بەعس و بەكرێگیراوانی بەعسی لێ بووبێت بەبێ سڵەمینەوە بەسزای گەل و شۆڕشمان گەیاندوون. ئێستاش خەڵکانێک هەن هاتوون من بە راپۆرتنووس و جاسوس و مەوقیف فرۆش و فایلدار نێو دەبەن".
لەبارەی بەشداریی لە کۆنگرە و ئەو پۆستە باڵایەی بڕیاربوو وەریبگرێ، سامان گەرمیانی گوتی: "بەشداری کۆنگرە دەکەم، ئەو پۆستەباڵای بڕیاربوو وەریبگرم پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، حیزبەکەم داوای لێکردم بکشێمەوە و خۆشم پێمباشبوو بکشێمەوە لەوەرگرتنی ئەو پۆستە".
لە نامەکەیدا سامان گەرمیانی باس لەوەدەکات: "خیانەتم لە خاك و وڵات و یەكێتی نەكردووە! رووخانی رژێم زۆر شتی روونكردەوە. ئێستاش لێرەوە تەحەدای هەرچی راپۆرت نووس و جاسوس و مەوقیف فرۆش و هتد ، دەكەم بەهەموو تەمەنی پێشمەرگایەتی و سیاسیم و ئەمڕۆشی پێوەبێت، ئەگەر شتێكیان لایە لەسەر ئەخلاقی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەهریب وتاڵانفرۆشی و نەوتفرۆشی و پەیوەندی ژێربەژێری ئەملا وئەولام. بێ یەك ودوو بڵاوی بكەنەوە و ئامادەی دادگایی گەل دەبم لە پێش دادگایی پەروەردگار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ