39 ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی فوئاد مستەفا سوڵتانی تێدەپەڕێت

رووداو - هەولێر

39 ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی فوئاد مستەفا سوڵتانی، یەکێک لە ناسراوترین رێبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە دوای کەمتر لە هەشت مانگ بەسەر سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە 31ـی ئابی 1979 لە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئێران لەنزیک گوندی بەستامی سەقز گیانی لەدەستدا.

فوئاد مستەفا سوڵتانی لە ساڵی 1948 لە گوندی ئاڵمانەی مەریوان لەدایکبووە. بەشی کارەبای لە زانکۆی تاران تەواوکردووە و لە ساڵی 1969 لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکڤانی سیاسی دیکەی کورد، بناخەی کۆمەڵەیان دامەزراند. لە 1974 دەستبەسەرکرا، دەستبەسەرکردنەکەیشی نزیکەی پێنج ساڵ درێژەی کێشا و بە ماوەیەکی کەم پێش سەرکەوتنی شۆڕش ئازاد کرا.
 
لەنێو ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵە فوئاد مستەفا سوڵتانی بە کاک فواد ناسراوە، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران دیارترین سیمای کۆمەڵەی تازە ئاشکراکراو  بوو. هەرچەندە ئێستا کۆمەڵە یەک رێکخراو نییە و سێ لایەن بەو ناوە چالاکی دەکەن، بەڵام هەموویان سەرەڕای جیاوازی زۆری فکری، خۆیان لە فوئاد مستەفا سوڵتانی و بیروبۆچوونی بە دوور نابینن. 

زۆر سەرکردەی کورد گیانیان لەسەر گوێنەدان بە پیلانی نەیاران داناوە. سەرکردەکانی کۆمەڵە دەڵێن کاک فوادیش یەک لەو سەرکردانەیە کە رێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی گیانی نەگرتبووەبەر.

لایەنگرانی، فوئاد مستەفا سوڵتانی بە ئەندازیاری رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک نێودەبەن. دەڵێن رۆڵی کاریگەری لە فراوانبوونی کۆمەڵە هەبووە. یەکەم دەستەکانی پێشمەرگەی ئەو حیزبەی دامەزراندووە و وەکو ئەندامی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان، جێدەستی لە گەڵاڵەکردنی خواستەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر بە تاران دیارە. 


 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار