چەند گەنجێک دەچنە سەر ئۆفیسی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک

31-08-2017
ناسر عەلی
نیشانەکردن دهۆک
A+ A-

رووداو- دهۆک

دوای ئەوەی چەند گەنجێک دەچنە سەر ئۆفیسی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک ، سەنتەری میترۆ بە هەنگاوێكی مەترسیداری دادەنێت و پۆلیسی دهۆکیش رایدەگەیێنێت: "چه‌ند گەنجێکی دهۆکی بەشێوه‌یه‌کی هێمنانە چووبوونە نیو ئۆفیسەکە و داوایانکردووە ئێن ئاڕ تی بانگەشە بۆ نەخێر بووەستێنێت".


رۆژی پێنجشەممە 31-8-2017 چەند گەنجێک لە دهۆک چوونەسەر ئۆفیسی ئێن ئاڕ تی ، بەپێی ئەو کەناڵە "ویستوویانە نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک دابخەن و تابلۆی ئێن ئاڕ تی دابگرن، بەڵام دواتر هێزە ئەمنییەکانی دهۆک گەیشتوونەتە ئۆفیسەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵکردووە".

لە کاردانەوەی رووداوەکەدا سەنتەری میترۆ ئیدانەی ئەو کردەوەیەی کردووە و داوا دەكات "ململانێی سیاسی لە قۆناخی بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی نەكرێتە پاساو بۆ پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەنووسی".

سەنتەری میترۆ هەروەها رایدەگەیێنێت: "ئەم هێرشە هاندانی تووندوتیژییە بەرامبەر دەنگی (نەخێر) و رێگەش خۆش دەكات بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی".

لە بەرامبەردا هێمن سلێمان، گوته‌بێژی پولیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکاتی ئاگادارکردنەوەی پۆلیس هێزه‌کانمان لە ئوفیسی ئێن ئاڕ تی ئامادەبوون و ئەو گەنجانە دەرکران بەبێ ئه‌وەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بە ئۆفیسەکە کەوتبێت".

هێمن سلێمان گوتی: "ئێستا رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە و کارمه‌ندانی ئەوان کاری ئاسایی خۆیان دەکەن، چه‌ند پولیسێکش لە بەردەرگای ئوفیسەکە ماون تاوەکو ئەو گرژیە تەواودەبێت".

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە گوته‌بێژی پولیسی دهۆک گوتی: "ئەوانەی چوونەتە سەر ئۆفیسەکە چەند گەنجێک بوون کە تووڕەبوون لەوەی بەگوتەی ئەوان ئێن ئاڕ تی بانگەشە بۆ نەخێر دەکات لە گشتپرسی و داوایانکردووە ئەو هەڵمەتە رابگرن".

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە