مەسرور بارزانی لەبارەی کوژرانی هەنییە: سەرکۆنەی دەکەم، گرژییەکان کەمبکەنەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: "سەرکۆنەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەم." و داوایەکی ئاراستەی لایەنەکان کرد کە گرژییەکانی ناوچەکە کەمبکەنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 00:10 بە کاتی هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بڵاوکردەوە.
 
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم گرژییەکانی ئەم دواییە کەمبکەنەوە و گفتوگۆی جدی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، کە ناوچەکە "بەرگەی گرژی و دۆخی نادڵنیایی زیاتر ناگرێت."
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31-07-2024 لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەنێو ژووری پشوودانی کرایە ئامانج و خۆی پاسەوانێکی کوژران.
 
ئەو رووداوە کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا، راستەوخۆ بەشێکیان دەستی تۆمەتیان بۆ ئیسرائیل راکێشا، بەڵام ئەو وڵاتە هیچ دانپێدانانێکی فەرمیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. 
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "شەڕانگێزەکان و ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل لەنێو دەبەین." 
 
ئەو پەیامە تووندەی نەتەنیاهوو بەبێ باسکردنی رووداوەکەی تاران و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە