پزیشکیان: هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران بەرز دەنرخێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەستخۆشی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکاتەوە.
چوارشەممە 31-07-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ تاران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و پەیوەندیی نێوان هەردوولا تاوتوێ کران.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: ''سەرۆککۆماری ئێران بۆ پێشوازیی گەرمیان لە زیارەتکارە ئێرانییەکان کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی ئەو وڵاتە دەکەن، دەستخۆشیی لە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد''. هەروەها ''سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، بەرز نرخاند.''
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتەکەی و عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و رایگەیاندووە: ''وڵاتانی ئەورووپی کە پێشینەی 100 ساڵ شەڕیان پێکەوە هەیە، ئەمڕۆ هەنگاوی کاریگەرییان لە چوارچێوەی یەکگرتووییدا ناوە و بێگومان خەڵکی وڵاتانی ناوچەکەش کە هاوبەشییەکی زۆر زیاتریان پێکەوە هەیە، باشتر دەتوانن یەکگرتووییەکی لەوشێوەیە پێکبهێنن و بە وەلانانی ناکۆکییەکان، لە ئاشتی و ئارامیدا بژین.''
بەپێی راگەیێندراوەکە مەسعود پزیشکیان هەروەها گوتوویەتی: ''خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە ناکۆکیی بنەڕەتییان پێکەوە نییە، بەڵکو هاوبەشیی کولتووری، مێژوویی و ئایینیی زۆریان هەیە، بەڵام دووژمنان هەوڵدەدەن پەرە بە ناکۆکییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بدەن، بۆ ئەوەی ویستی خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن.''
پزیشکیان لەبارەی کوژرانی ئیسمائیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران لە تاران بوو و ئیسرائیل بە تۆمەتباری رووداوەکە دەزانن، گوتی: ''تیرۆریستەکان وەڵامی ئەو تاوانەی خۆیان وەردەگرنەوە.''
هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە ''هەرێمی كوردستان، ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و کار دهکات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لهگهڵ ئێراندا، ههورهها سهرۆک پزشکیانی بانگهێشتی ههولێر کرد له کاتی سهردانی چاوهڕوانکراویدا بۆ بهغدا.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە كە، ''هەرێمی كوردستان خوازیارە رێژەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە زياتر و ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەنێوان هەردوولادا فراوانتر ببێت.''
نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تاران، لەگەڵ دابەزینی لە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی، لەلایەن عیسا زاراپوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانیش لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بوون، لەوانەش حەسەن دانایی فەڕ، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
دواتر نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە هۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکە و لە لایەن محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا. هەر لەنێو پەرلەمانیشدا چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانی بەخێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، لەوانەش ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، ئاڵای کوردستان لە ریزی ئاڵای وڵاتانی جیهاندا دەبینرا و کورسییەکیش لە ریزی یەکەمی هۆڵی پەرلەماندا بۆ نێچیرڤان بارزانی دانرا بوو.