رووداو دیجیتاڵ
لە بارەگاکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، نوێژی مردوو بۆ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کرا، بزووتنەوەی ئیسلامیش بەیانی نوێژەکە دەکات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیای رووداو، لە بەشێک لە بارەگاکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، لەوانە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رۆژی چوارشەممە 31ـی تەمموزی 2024، نوێژی مردوو بۆ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کرا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تاران کوژرا.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەشێک لە مەڵبەندەکانی ئەو نوێژەی کرد، لەوانە لە مەڵبەندی هەولێر.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەو حیزبە، رۆژی چوارشەممە 31ـی تەمموزی 2024، دوای نوێژی عەسر لە هۆڵی شەهید فواد چەلەبی لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مامۆستا هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی، غازی عەلی، لێپرسراوی مەڵبەند، ژمارەیەک لە زانایان، کارگێڕ، ئەندامانی مەڵبەند، کادیر و ئەندامانی سنووری ئەو مەڵبەندە نوێژی مردوو بۆ هەنییە کرا.
دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێشنوێژی کردووە. لە راگەیێندراوەکەی یەکگرتوودا هاتووە: "دوعای بۆ سەرکردەی شەهید و تەواوی شەهیدان کرد و لە پەروەردگار پاڕایەوە موجاهیدان سەربخات و دووژمنان لەناو ببات."
لە بەشێک لە مەڵبەند و بارەگاکانی کۆمەڵی دادگەریش ئەو نوێژە کرا، لەوانە لە مەڵبەندی کەرکووک، رێباز سابیر، بەرپرسی ئەو مەڵبەندە پێشنوێژییەکەی کردووە.
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ نوێژی مردوومان نەکردووە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئاب بڕیارە لە هەڵەبجە و هەورامان نوێژی مردوو بۆ شەهید ئیسماعیل هەنییە بکەین."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا، بە گوتەی بەرپرسانی حەماس بە مووشەکێک شوێنی مانەوەی هەنییە کراوەتە ئامانج، کە دوێنێ سێشەممە بەشداریی لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیاندا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ