رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاند بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باشترین بژارە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگارە دوو ساڵ بە دوو ساڵ، دەشڵێت "ئەگەری زۆرە پۆستی پارێزگار بۆ کورد و عەرەب بێت."
سەلوا میفرەجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە هاوپەیمانیی عەرەبی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، لەبەردەم دوو بژارەیە، یەکێکیان ئەوەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ ماوەی دیاریکراو لەنێوان پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، تورکمان ئاڵوگۆڕ بکرێت، کە ئەمە ناکرێت و کردەیی نییە."
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە "کەس ئامادە نابێت بەشی یەکەمی ماوەکە وەربگرێت، جگە لەوە ساڵێک و چەند مانگێک بۆ پۆستێکی وەکو پارێزگار کەمە."
بژارەی دووەمیش ئەوەیە پۆستەکە لەنێوان کورد و عەرەب ئاڵوگۆڕ بکرێت و تورکمان پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن وەربگرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێیوایە ئەمە باشترین بژارەیە و دەڵێت "بژارەی دوو ساڵ بە ساڵ گونجاوترە و ئەگەری رێککەوتن لەسەری نزیکترە، لەنێوان کورد و عەرەب دەبێت، چونکە هەردوولامان کورسیی زۆرمان هەیە."
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ـى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگاری کەرکووک و دیالە یەکلابکرێنەوە.
پۆستی پارێزگار و شێوازی وەرگرتنی لەنێوان پێکهاتەکانی "کورد، عەرەب و تورکمان" گرێکوێرەی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەیە. رۆژی 11ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ