لە ئاکرێ برایەک خوشکەکەی خۆی دەخنکێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی برایەک خووشکەکەی خۆی خنکاندووە و دواتر خۆی رادەستی پۆلیس کردووە. 

شەوی چوارشەممە، پۆلیسی قەزای ئاکرێ رایگەیاند: "پاش ئەوەی لە رووداوێکی کوشتن لەنێو سەنتەری ئاکرێ ئاگادارکراونەتەوە، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیس تیمێکی پۆلیسی فریاکەوتن و پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان چوونە شوێنی رووداوەکە تەرمی ژنێکیان دۆزییەوە." 
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئاکرێ: "ژنەکە تەمەنی 38 ساڵە و ناوی (پ. ط. ع) کە پێدەچوو خنکێندرابێت." تیمەکان راستەوخۆ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. 
 
"برایەکی ئەو کچە لە پاش رووداوەکە کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانەکە خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە." لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا باسکراوە. 
 
ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە ئەنجامدەری تاوانەکە تەمەنی 35 ساڵە و بەپێی پۆلیسی ئاکرێ: "بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە خوشکەکەی کوشتووە." 
 
پۆلیس باسی لەوەشکردووە کە تۆمەتبارەکە بەپێی یاسای 406 لە سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.