سوپای عێراق سنووری سەربازگەکانی لەسەر زەویی جووتیارانی کورد فراوانتر دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

رووبەرێکی فراوانی زەویی جووتیارانی تۆپزاوا و تڕکەلان لە باشووری کەرکووک سەربازگەی هێزە عێراقییەکانی لەسەر دروستکراوە و، تادێت سوپا هەوڵی فراوانکردنی رووبەری سەربازگەکانی دەدات.
 
سوپا، شۆڤڵ و حەفارەیان هێناوەتە سەر زەوییەک کە کۆی گشتیی 90 دۆنمە و ئێستا 60 دۆنمی لەژێر دەستی خاوەنەکەیدایە.
 
محەممەد حەمید، خاوەنی زەوییەکەیە و تاپۆی رەشی خاوەنداریێتیی هەیە. 
 
محەممەد دەڵێ زەوییەکەی "خۆی 30 دۆنمی داگیرکراوە. ئێستا وا هەمووی داگیر دەکەن، خەریکن کاری لێدەکەن. شۆڤڵەکان دیارن و کەس ئاگاداری نەکردووینەتەوە."
 
خاوەن زەوییە کوردەکە هەروەها دەڵێ سوپا "کەس ئاگادار ناکەنەوە، ئەوان حکومەتن. زەوییەکان بە دڵی خۆیان داگیر دەکەن و ئێمە هیچمان پێناکرێت، داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکەین بە هانامانەوە بێن."
 
لەسەر بەردەوامیی هاتنەپێشەوەی سوپا و دەستگرتن بەسەر زەویی جوتیارانی کورد و تورکمان لە سنوورەکە، نوێنەرانی جووتیاران، بەرپرسانی کوردیان لە ئاستی باڵا ئاگادارکردووەتەوە.
 
ساتح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا بە رووداوی گوت "وەک نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا پەیوەندیم بە نووسینگەی د. شاخەوان، د. خالید شوانی و بەڕێز فەهمی بورهان کردووە، ئەوەی هاتە سەر هێڵ، بەڕێز د. خالید شوانییە. بەدواداچوونی کردووە و پەیوەندیی بە وەزارەتی بەرگرییەوە کردووە، بەڵێنی داوە کارەکانیان رابوەستێنن، بەڵام ئەوەتا دەبینن بەردەوامن و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک پابەندنەبوونە."
 
بەر لە ساڵی 2003 قەڵاکە ماڵی سەرکردەی باڵای بەعس، حوسێن کامل بووە، تاوەکو هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر تەنیا سنووری ئەم قەڵایە ماوەیەک لەژێر دەستی سوپا، دواتر پێشمەرگە بوو، کەچی ئێستا لەپاڵ قەڵاکەوە، دەیان دۆنم زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان داگیرکراون.
 
لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە هێزە سەربازییەکان هەوڵی دەستگرتن بەسەر زەویی جووتیارانی ئەم ناوچەیە دەدەن و تائێستا دەستیان بەسەر زیاتر لە 250 دۆنم زەویی جووتیاراندا گرتووە و، کردوویانن بە سەربازگە، ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەوەن زەویی زیاتر دەستی بەسەردا بگیرێت، 60 دۆنمەکەی محەممەد حەمیدیش لەو چوارچێوەیەدایە.