رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی پێشنیازی کەسێکی عەرەب دەکات بۆ ئەوەی لە بری راکان جبووری بەشێوەی کاتی ببێتە پارێزگار و دەڵێت، هەر هیچ نەبێت واژۆ لەسەر مووچە بکات، چونکە بە گوتەی ئەو مووچەی بەشێک لە دەزگاکان دواکەوتووە.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، کە سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییە، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووکەوە راگەیاند، فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگای کەرکووک و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگاوە سکاڵایان گەیاندووەتە سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ، کە بەهۆی رێکار و لێکەوتە داراییەکانی نەبوونی حکومەتی خۆجێی لە کەرکووک، مووچەکانیان خەرجنەکراوە."
سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێشنیاز دەکەم و نووسراو بۆ سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی دەکەم بۆ ئەوەی بەڕێز ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆکی دەستەی هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان رابسپێردرێت بۆ ئەوەی دەستبەکاربێت و هیچ نەبێت واژۆ لەسەر مووچە بکات."
ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە، باسی ئەوەش دەکات: "پێموایە ئەمە پاساوێکی دیکەشە دێتە بەردەممان بۆ ئەوەی پەلە بکەین لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک، بۆ ئەوەی لە بۆشاییدا نەمێنێتەوە، بۆچی فەرمانبەر بەهۆی رێکنەکەوتنی فراکیسیۆنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک زەرەرمەند بن."
بەهۆی نەبوونی کەسێک کە واژۆ لەسەر مووچەکانیان بکات، چەند رۆژێکە مووچەی فەرمانبەرانی ژمارەیەک دامودەزگە لە کەرکووک دواکەوتووە.
سەلوا میفرەجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بە رووداوی گوت: "تەنیا فەرمانبەرانی دەزگەکان نین. بەڵکو ژمارەیەک کۆمپانیاش بەهۆی نەبوونی کەسێک کە واژۆ لەسەر پارەکان بکات ماوەیەکە کاریان تەواوکردووە، یان کاریان رۆژانەیە و کرێکاریان هەیە دەبێت مووچەیان پێبدرێت کەس نییە واژۆ لەسەر نووسراوی پارە بکات."
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ـى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک و دیالە یەکلایی بکرێنەوە.
پۆستی پارێزگار و شێوازی وەرگرتنی لەنێوان پێکهاتەکانی "کورد، عەرەب و تورکمان" گرێکوێرەی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەیە. رۆژی 11ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ