مەسرور بارزانی لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی بارزانییەکان: رووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە

31-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵڕۆژی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی ئەوەی خستووەتەڕوو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە."
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە رێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە رەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە، کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، رووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە، کە دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال، لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
 
دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بووە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.
 
لەم بۆنە خەمناکەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە، کە جوامێرانە بە هانای کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییەکانەوە چوون و هاوکارییان کردن.
 
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/7/31
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە