خەرجکردنی 20%ی داهاتی دەروازەکانی هەڵەبجە بۆ پارێزگاکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

31-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، لەسەر داوای ئەوان ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لەمەودوا 20%ی داهاتی دەروازەکانی سنوورەکە بۆ شارەکە خەرج بکرێتەوە.
 
دوێنێ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی گوتی، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراویان بۆ بەغدا کردووە و داوایان کردووە دەروازەی سنووریی سازان لە هەڵەبجە بە فەرمی بناسرێت. گوتیشی، "لای ئێمە دەروازەکە بە فەرمی ناسێندرا."
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی سازان کاری تێدا ناکرێت و بە فەرمی نەناسێندراوە، بۆ بە فەرمی ناساندنی بڕیاری هەردوو حکومەتەکانی عێراق و ئێرانی پێویستە."
 
شاهین رەزا گوتیشی، ئەوان پێشتر داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، کار بکەن بۆ بە فەرمی ناساندنی دەروازەکە، "پێشتر لە هەرێمی کوردستانیش دەروازەکە بە فەرمی نەناسێندرابوو، تاوەکو دوێنێ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرای کرد."
 
هەر پەیوەست بە هەڵەبجەوە، ئومێد سەباح گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگیان کردووەتەوە و لەمەودوا 20%ی داهاتی دەروازەکانی هەڵەبجە بۆ پارێزگاکە خەرج دەکرێتەوە.
 
لەبارەی ئەو بڕیارانەوە شاهین رەزا گوتی، "بڕیاری کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ بۆ هەڵەبجە گرنگە و پێشتر داواکراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نە باڵەخانەی بۆ دابینکراوە، نە بەڕێوەبەر و فەرمانبەر، جارێکی دیکەش بڕیارێکی هاوشێوە درا، بەڵام جێبەجێ نەکرا."
 
لەبارەی داهاتی دەروازەکانیشەوە جێگرەکەی پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، ئێستا دوو دەروازە لە سنووری هەڵەبجە هەن (پشتە و تەوێڵە)، بەڵام داهاتەکانیان بەشێکی راستەوخۆ دەچێتە سلێمانی و بەشەکەی دیکەش گەرمیان، "بۆیە ئێمە ناشزانین داهاتەکەی چەندە."
 
داهاتی ساڵانەی ئەو دوو دەروازەیە نزیکەی پێنج ملیار دینارە. شاهین رەزا گوتی، "پێشتر لەکاتێکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە هەڵەبجە داوامان کرد بەشێکی داهاتە بۆ خزمەتگوزاری و پرۆژە لە هەڵەبجە تەرخانبکرێت، لەسەر ئەو داوایە ئێستا فەرمانیکردووە 20%ـی داهاتەکە بۆ سنوورەکەمان خەرج بکرێتەوە."
 
بەگوێرەی بڕیار و رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.
 
30ی حوزەیرانی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانیان کۆبووەوە. لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئومێد سەباح گوتی، سەرۆکی حکومەت بڕیاری لە جێبەجێکردنی داواکانی هەردوو پارێزگاکە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکەی دەرکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.