رووداو دیجیتاڵ
کاژێر پێنجی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رووفاتی سەد ئەنفالکراوی بارزانی گەڕێندرانەوە زێدەکەیان و لە رێوڕەسمێکدا لە زێدی خۆیان بەخاکسپێردران.
39 ساڵ پێش ئێستا حکومەتی بەعس 8000 هەزار هاونیشتمانیی بارزانی لە کەسوکاریان دابڕاند و زیندەبەچاڵی کردن. لە کاتی گەڕاندنەوەیان بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵیان نەوەکانیان بەگوڵ ماڵئاواییان لێ دەکەن.
رووفاتەکان لە 15ـی شوباتی ئەمساڵ لە ناوچەی بسیەی پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق دۆزراونەتەوە، دوای پشکنین و رێکارە تەندروستییەکان دەرکەوتووە کە هەموویان بارزانین.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهید و ئەنفالکراوان دەڵێت، "بەدواداچوون و گەڕانمان بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکان بەردەوامە بۆ هێنانەوەی رووفاتیان. بەرنامە و پلانمان هەیە رووفاتیش ئامادەیە بیهێنینەوە ناسینەوە و بەدواداچوون دەکەین کە بزانین خەڵکی چ ناوچەیەکن".
زۆرن ئەو دایکانەی لە چاوەڕوانیدا بیناییان لە دەستدا، لە تێر نەدیتنی کوڕ و هاوژین و کەسوکاریان زۆریان چەشت، بۆ منداڵەکانیان شوێنی باوکیشیان گرتەوە و بە کولەمەرگی پێیان گەیاندن.
ئەسمەر تاهیر، کەسوکاری ئەنفالکراوە و دەڵێت، "برای منن یەکیان عیسایە و ئەوی دیکەیان ساوانە، عەزیزی بەردڵانە دایکی منە
سووتاوی ئەوان."
فاتیمە سوڵتان، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەڵێت، "برینی من سێ جارە دەکولێتەوە، ئێمە سێ جارە پێشوازی لە ئێوە دەکەین."
مێمزور میرزا، هاونیشتمانییەکە و لەسەر ئارامگەی ئەنفالکراوان دەڵێت، "کاتێک دێمە ئێرە سەبووریم بۆ دێت، دەڵێم ئەوەیان باوکمە و ئەوەیان برامە، دێمە ئێرە دڵم ئارام دەکەمەوە و تێر بۆیان دەگریم."
ئەو رووفاتانە سێیەم کاروانی رووفاتی ئەنفالی بارزانییەکانە کە دەگاتەوە هەرێمی کوردستان. ساڵی 2005 رووفاتی 503 کەس و 2014ش 93 رووفات گەڕێندراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ