مەسرور بارزانی: نابێ چیدیکە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شاڵاوی ئەنفال و جینۆساید فەرامۆش بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفالی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەم یادەدا پێداگری لەسەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال دەکەنەوە و دەبێ لە لایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە.
 
لە یادی 39 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکاندا، ئەمڕۆ یەکشەممە 31-07-2022 رووفاتی 100 ئەنفالکراوی دیکەی بارزانییەکان لە گۆڕستانی جینۆسایدی بارزان بەخاک دەسپێردرێت.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەمڕۆ یادی یەکێک لە تاوانە گەورە و لەبیرنەکراوەکانی رژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە کۆمەڵکوژی و جێنۆسایدکردنی نزیکەی هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە. یادکردنەوەی قوربانییانی ئەم تاوانە، ئەمساڵ زۆر خەمناکترە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ هێنانەوەی رووفاتی 100 ئەنفالکراوی دیکەی بارزانی لە بیابانەکانی باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان و زێدی خۆیان لە بارزان."
 
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە شاڵاوی جێنۆسایدی بارزانییەکان بەشێک بوو لە زنجیرەیەک تاوان لە دژی دەڤەری بارزان و هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، بووە هۆی دەستپێکی ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.  
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. یادکردنەوەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە هەمانکاتدا یادکردنەوەی هەموو ئەنفالکراوان و شەهیدانی هەرێمی کوردستانە لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال." 
 
مەسرور بارزانی سوپاسی قوربانیدان و خۆڕاگریی دایکان و کەسوکاری قوربانییەکان دەکات و دەڵێت، زۆر سەربەرزانە رووبەڕووی سەختییەکانی ژیان و لێکەوتەکانی ئەو تاوانە گەورەیە بوونەوە و دەشڵێت: "هەروەها سوپاسی جوامێری و بەهاناوەچوون و هاریکاری و هاوسۆزی خەڵکی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان."
 
مەسرور بارزانی جارێکی دیکە پێداگری لەسەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال دەکاتەوە و دەڵێت: "دەبێ لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە هەروەک لە دەستووردا هاتووە، کە بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە، وەک زۆر ماددەی دیکەی دەستوور، بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانی دەستی رژێمی پێشوو پشتگوێخراوە و نابێ چیتر ئەم بابەتە فەرامۆش بکرێت."