لەسەر لەوەڕاندنی مەڕەکانی، شوانێک لە سنووری پشدەر بە گوللە بریندار دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە گوندی دوو گۆمانی قەزای پشدەری ئیدارەی راپەڕین، تەقە لە شوانێک کرا و بریندار بووە. پۆلیسی راپەڕین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو کەس دەرکردووە کە تۆمەتبارن بە بریندارکردنی شوانەکە.
 
بە پێی راگەیێنراوێکی پۆلیسی راپەڕین، کەسێکی شوان بە ناوی ( س. خ. ر) تەمەن 41 ساڵ کە دانیشتووی گوندی دووگۆمانی شارۆچکەی سەنگەسەرە، گەیێنراوەتە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ و بە گوللەی کڵاشینکۆف بریندار کراوە.
 
لە راگەیێنراوەکەی پۆلیسی راپەڕین هاتووە، بەگوتەی بریندارەکە لای رانە مەڕەکوی بووەو بۆ لەوەڕاندن چووەتە سنووری گوندی باراوە، بەڵام لەلایەن دوو کەسی گوندەکەوە دراوەتە بەر دەستڕێژیی گوللە و بریندار کراوە.
 
پۆلیسی راپەڕین، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە رێکخستووەو بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 31/405 ی یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو کەسەکە دەرکردووە.