هەدەپە چالاکی "ئێشکگری ویژدان و دادوەری" بۆ ئیستەنبوڵ دەگوازێتەوە
رووداو - ئامەد
دوای هەفتەیەک هەدەپە چالاکی "ئێشکگری ویژدان و دادوەری" لە ئامەدەوە بۆ ئیستەنبوڵ دەگوازێتەوە، دوای ئیستنەبوڵیش لە وان و ئیزمیر لە ئەنجامدانی چالاکییەکە بەردەوام دەبێت.
سەرکان ئینجە، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 31-7-2017، رۆژی حەوتەم و دوایین رۆژی چالاکییەکانی هەدەپەیە لە ئامەد بەناوی ئێشکگری ویژادان و دادوەری، کە 10 پەرلەمانتاری هەدەپە تێیدا بەشدارن.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، ئەگەرچی بڕیاربوو خەڵکیش بەشداری لەو چالاکییە بکەن، بەڵام بەهۆی باری نائاسایی لە وڵات و دۆخی ئەمنی، هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە بەشداری چالاکییەکە بکەن.
وەک پەیامنێری رووداو باسی کرد، بڕیارە ئەمڕۆ دوای کۆتاییهاتنی حەوت رۆژ لە چالاکییەکان، پارتی دیموکراتی گەلان HDP چالاکییەکانی بۆ ئیستەنبوڵ بگوازێتەوە. بڕیارە لە ئیستەنبوڵیش چالاکییەکان ماوەی هەفتەیەک بەردەوامبن. دوای ئیستەنبوڵ HDP چالاکییەکانی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە شاری وان لە باکووری کوردستان و ئیزمیر درێژە پێدەدات. دەنگۆی ئەوەش هەیە دوای ئیزمیریش درێژە بە چالاکییەکان بدرێت.
چالاکییەکە دژی حکومەتی تورکیا و ئەو فشارانەن دەخرێنە سەر هەدەپە. عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی هەدەپە لەکاتی راگەیاندنی چالاکییەکە رایگەیاند: "حکومەتی ئاکپارتی سیاسەتی فاشیزمانە پەیڕەو دەکات، نابێ رێگری لە دەنگی خەڵک بکرێ، زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار کەس دەنگیان بە هەدەپە داوە".
بایدەمیر ئەوکات جەختیکردەوە کە ئەو ئێشکگرییە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەوکاتەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتەکەیان و پەرلەمانتارانی دیکەی هەدەپە ئازاد دەکرێن.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح