تێستی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد

31-05-2024
هێمن بابان رەحیم
تیمەکانی سەرژمێری لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی
تیمەکانی سەرژمێری لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تێستی سەرژمێری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لە هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە 15 پێگە و شوێن تێستەکە دەکرێت و 24 کاژێر بەردەوام دەبێت، دواتر زانیارییەکان رەوانەی سەنتەری زانیارییەکان دەکرێت.
 
کارزان رەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ تێستی سەرژمێریی دانیشتووان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک دەستیپێکرد، لەو تێستەی دەکرێت لە هەر پارێزگایەک ژمارەیەک گوند و کۆڵان و شوێن دیاریکراوە و رۆژانە نزیکەی 25 ماڵ و خانوو سەرژمێرییان بۆ دەکرێت."
 
تێستەکە بۆ خۆ ئامادەکردنە بۆ سەرژمێریی گشتیی عێراق کە بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، لە رێگەی ژمارەیەک تابلێت و ئامێرەوە سەرجەم داتا و زانیارییەکان لە ماوەی 14 رۆژدا تۆماردەکرێن و رەوانەی سەنتەری سەرەکیی زانیارییەکان دەکرێن.
 
بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو شوێنانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تێستیان تێدا دەکرێت، جگە لە سەرژمێریی دانیشتووان و ئەندامانی خێزانەکان و باری کۆمەڵایەتی و چەندین زانیاریی دیکە، سەرژمێری خانووبەرەیشی تێدا دەکرێت.
 
 
تێستەکە لە هەرێمی کوردستان لەم ناوچانە دەکرێت:
 
- پارێزگای هەولێر:
 
- قەزای هەولێر - ناحیەی بەحرکە
- گوندی جەژنیکان
 
- پارێزگای سلێمانی:
 
- قەزای سلێمانی-بەکرەجۆ
 
- گوندەکانی قوڵقوڵە، کارێزکڵاو، داربەڕوو، پیرکە، هەزار مێرد، دێ کۆن و چاڵگە
 
- پارێزگای دهۆک:
 
- قەزای سیمێل
 
- گوندەکانی سەر کانی، هاوریزک، گرێ گەورێ و دوڵب.
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
 
لە ساڵی 2009 وە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام رێگر بووە لێی. 
  
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە