یەکشەممەی داهاتوو تۆمارکردنی بایۆمەتری و وەرگرتنەوەی پەنجەمۆر کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو تۆمارکردنی بایۆمەتریی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوانەی لەدایکبووی ساڵی 2006ن یان بایۆمەتریان نەکردووە و لەگەڵ ئەوانەشی کێشەی پەنجەمۆریان هەبوو، کۆتایی دێت، بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت: "بەشێکی زۆری کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەرکراوە."
رۆژی یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024، دوایین رۆژە بۆ ئەوانەی تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە یان کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی یەکشەممە، دوایین وادەیە بۆ ئەو کەسانەی تۆماری بایۆمەتریان نەکردووە یان پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە."
بەپێی یاسا هەر بنکەیەکی دەنگدان رێژەی 5٪ی دەنگدەرانی دەتوانن بەبێ خوێندنەوەی پەنجەمۆریش دەنگ بدەن. عیماد جەمیل گوتی: "پێشتر ئەوانەی پەنجەمۆریان نەیدەخوێندەوە نزیکەی 10٪ بوو، بەڵام دوای دووبارە نوێکردنەوەی ئامێرەکان و دەرگای کردنەوەی بایۆمەتری بۆیان، ئێستا بەشێکی کێشەکە چارەسەر بووە."
رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، یەکێک لە تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بەشێک لە دەنگدەران کە نزیکەی 400 هەزار کەسن، پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، ئەوەش وایکردووە بێبەش بن لە دەنگدان.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 13-05-2024، بڕیاری دا بە دەستکردنەوە بە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کەسانەی لەدایکبووی ساڵی 2006ـن، لەگەڵ ئەو کەسانەشی کە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە.
بەپێی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 800 هەزار کەس کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە هەندێک جۆری نەخۆشییان هەیە وەکو شەکرە، یان تەمەنیان گەورەیە، یان هەندێک ئیشوکار دەکەن کە بەهۆیانەوە ئامێرەکان پەنجەمۆریان ناخوێننەوە.