وەرزی چاندنی برنجی کوردییە لە دەشتی هەریر و باتاس


رووداو دیجیتاڵ 

لە دەشتی هەریر و باتاس لە سنووری هەولێر وەرزی چاندنی برنج دەستیپێکردووە. جەمال مستەفا زیاتر لە 20 ساڵە لەو ناوچەیە برنج دەچێنێت، دەڵێت، ئەم ساڵ درەنگتر دەست بە چاندن کراوە. 
 
هۆکاری ئەوەش بۆ کەشوهەوا دەگەڕێنێتەوە. دەڵێت، "ئەم ساڵ تۆزێک درەنگ بووە، لەبەرئەوەی باران زۆر بوو، ئەگەر نا کەشوهەوای ئێستا باشە، بەڵام ئەگەر باران زۆر ببارێت و بەهارەکەی درەنگ بێت، پاییز درەنگتر دروێنە دەکرێت."
 
هەریر و باتاس بە برنج بەنێوبانگە. ئەم ساڵ نزیکەی 300 دۆنمی بە دوو جۆر برنجی کوردی دەچێندرێت.
 
نەجات قادر، جووتیارە، دەڵێت: "ئێمە دوو جۆری برنج دەچێنین، یەکێکیان هەر کوردییە و دەنکی خڕە، کوردیی شەش مانگییە. یەکێکی دیکەیمان هەیە پێی دەڵێن سەدری، ئەویش شەش مانگی دەوێت."
 
ساڵانە جگە لە هەریر و باتاس لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە دەشتەکانی شارەزوور و بیتوێن لە سنووری سلێمانی، لە ئاکرێ، بەردەڕەش، شێخان و سێمێل لە پارێزگای دهۆک لەنێوان 20 بۆ 40 هەزار دۆنم زەوی بە برنج دەچێندرێن. بەرهەمی ساڵانەیان لەنێوان 20 بۆ 40 هەزار تۆندایە، لەکاتێکدا پێویستیی نێوخۆ نزیکەی 300 هەزار تۆنە.
 
نزیکەی دوو کیلۆ برنجی خڕی باتاسم بە 10 هەزار دینار دەستکەوت. لە ماڵەوە لەگەڵ جۆرێکی دیکەی برنجی هاوردە کە کیلۆی بە کەمتر لە دوو هەزارە، ئامادەم کرد. 
 
یەکەم جیاوازی کە بەرچاوم کەوت، ئەوەیە دەنکی برنجی کوردی زبرترە لە برنجی هاوردە. لەبەرئەوەی کە برنجی کوردی بە پرۆسەی گەرمکردندا تێنەپەڕیوە. پسپۆڕانی خۆراک پێیان وایە کە لەڕووی تەندروستی سوودبەخشترە.
 
جیاوازیێکی دیکەی ئەوەیە، ئاوی برنجی کوردی بۆ رەنگی سپی هەڵگەڕا، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆریی رێژەی نیشاستەی سرووشتی تێیدا.