لە رووها 11 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیر کران

رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووها-ی باکووری کوردستان، 11 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رووها بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شارەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە / کەجەکە و بە بڕیاری دادگە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024 تیمەکانیان 11 کەسیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا دەستگیر کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رووها دەڵێت، دەستگیرکراوەکان لە رێکخستنەکانی گەنجانی سەر بە پەکەکە / کەجەکە چالاکییان کردووە و دوو کەسیان ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی سەر بە دەم پارتین، یەکێکیان بە تۆمەتی داڵدەدانی گەریلاکانی پەکەکە و هاوکاریکردنیان، دەستگیر کراون.
هەروەها ژمارەیەک ئامێری دیجیتاڵی و بەڵگەنامەی رێکخراوەیی لە ناونیشانەکانی دەستگیرکراوەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە.
دەستگیرکراوەکان دوای پشکنینی تەندروستیی بۆیان، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، رەوانەی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش کراون.