گومرگی ورمێ: هەناردەمان 60% زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گومرگی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە، بەراورد بە ساڵی پار 60% زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 273 ملیۆن دۆلار.
 
خالید جەنگجوو، سەرپەرشتیاری گومرگەکانی پارێزگای ورمێ، رۆژی هەینی 31-05-2024 رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا 533 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 273 ملیۆن دۆلار هەناردە کراون، بەراورد بە هەمان ماوەی پار لەڕووی نرخەوە 60% و لەڕووی کێشەوە 18% زیادیکردووە.
 
جەنگجوو گوتی، لەو ماوەیەدا 59 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 143 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەی پارێزگای ورمێ کراون، کە بەراورد بە پار لەڕووی نرخەوە 4% کەمیکردووە و لەڕووی کێشەوە 22% زیادیکردووە.
 
گوتیشی، زیاترین هەناردەیان بۆ وڵاتانی عێراق (بە هەرێمی کوردستانەوە)، تورکیا و ئەفغانستان بووە، هەروەها زیاترین هاوردەیان لە تورکیا، عێراق و کۆریای باشوورەوە بووە.
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری گومرگەکانی پارێزگای ورمێ، تەنیا لە تورکیاوە 50 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 99 ملیۆن دۆلار هاوردەی ئەو پارێزگایە کراوە.
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن، کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەریی نەخجوانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە.