رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی موەلیدە ئەهلییەکانی ناو شاری سلێمانی ئاگادار کردەوە، لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە کارکردنی موەلیدەکان دەگۆڕێت، بە جۆرێک کە هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی نەبوو، موەلیدەکان ئیش دەکەن، بەمەش کارەبای سلێمانی دەبێتە 24 کاژێری.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگای سلێمانی، تایبەتە بە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی ناو شاری سلێمانی رایگەیاند، "ئاگاداری خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی ناو شاری سلێمانی دەکەینەوە کە بەرنامەی کارکردنی موەلیدەی گەڕەکەکان لە رۆژی 1ی حوزەیرانی 2024ەوە دەگۆڕێت و دەبێتە 24 کاژێری، واتە هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی کوژایەوە، دەبێت ئەوان کار بکەن."
عوسمان محەممەد، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بەرنامەیە هەموو ساڵێک هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەشی سلێمانی بەراورد بە شوێنی دیکە فێنکترە، بەتایبەت ئەم ساڵ، بۆیە لە 1ی حوزەیرانەوە بەرنامەکە دەگۆڕێت، بەڵام لە هەولێر لە 10ی نیسانەوە گۆڕاوە، چونکە کەشەکە لەوێ چەند پلەیەک گەرمترە."
رۆژی پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان، خەبات و ماس زیاد دەکرێت، هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕبخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، نەخرێتە وەرزی هاوین.
هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە بەشی پڕکردنەوەی سەرجەم خواستی بەکاربەرانی ناکات و بە ناچاری پشت بە موەلیدە ئەهلییەکان دەبەسترێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە کارەبا دروست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ