کاتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئاشکرا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رێنماییەکانی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، ئەمساڵ زەوییەکان دابەشدەکرێن.
ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، کە لە 28ـی ئایاری 2024 بڵاوکراوەتەوە، 6 رێنمایی و 7 بەیانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدایە، یەکێک لەو رێنماییانەی بڵاوکراونەتەوە، رێنمایی دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا.
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت، نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەمشێوەیە دەبێت:
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو پارێزگا: 5 هەزار دینار دەبێت.
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو قەزاکان: 3 هەزار دینار دەبێت.
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو ناحیەکان: 2 هەزار دینار دەبێت.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
رێنماییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت، سێ مەرج دیاریکراوە کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.
هەروەها دەبێت فەرمانبەر لە هەشت ساڵ و بەسەرەوە خزمەتی هەبێت بۆ ئەوەی داواکاری وەرگرتنی زەوی پێشکەش بکات و ناوی بچێتە تیروپشکەوە.
ئەو فەرمانبەرانەی خۆیان یان هاوژینەکانیان پێشتر لە هەرێمی کوردستان خانوو یان شوقە یان زەویی نیشتەجێبوونیان لە دەوڵەت یان کۆمەڵەکانی هەرەوەزی نیشتەجێکردن وەرنەگرتبێت ئەوانە دەتوانن لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند ببن.
هەر بەپێی رێنماییەکان، خانەنشینانیش ئەوانەی سوودمەند نەبوون دەتوانن بۆ وەرگرتنی زەوی مامەڵە بکەن و سوودمەند ببن.
ئاوارە عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارەکانی دابەشکردنی زەوی بە پەلە دەڕوات، ئەو شارەوانی و شوێنانەی زەوییان هەیە سەرقاڵی رێکخستن و جیاکردنەوەی زەوییەکانن، ئەوانەشی زەوییان نییە، داوایان لە کشتوکاڵ و فەرمانگەی کارووباری میری کردووە بۆ ئەوەی زەوییان بۆ دابینبکرێت".
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین، بە گەشبینییەوە گوتی، "پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو یان دوای جەژنی قوربان فۆرم و رێنماییەکانی حکومەت بۆ دابەشکردنی زەوی بگاتە شارەوانییەکان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی فۆرمەکەن".
بەگوتەی ئاوارە عەلی حەسەن، ئەمساڵ زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت و دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە حکومەت پەلەیەتی بۆ ئەوەی ئەمساڵ زەوییەکان دابەش بکرێن".
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوون.