ژنێکی فەلەستینی لە دهۆک بە هۆکارێکی نادیار دەسووتێت؛ رۆژێک دواتر گیان لەدەستدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی بە بنەچە فەلەستینی کە لە یانەیەکی شەوانەی دهۆک کاری دەکرد، بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە جەستەی بەربوو و گیانی لەدەستدا؛ تائێستا هۆکاری پشت سووتانەکەی نازاندرێت. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، چەند رۆژێک لەمەوبەرە و کاژێر 2:00ـی شەوە. چەند کەسێک دەردەکەون، شپرزە و ئاڵۆزن. ژنێک بەپێی خۆی لە قادرمە دێتە خوارەوە و بە بەتانییەک داپۆشراوە. 
 
ژنەکە ناوی ئیسرا یوسفە، بە جەنان دەناسرا و تەمەنی 41 ساڵ بوو. بە بنەچە فەلەستینییە؛ لە یانەیەکی شەوانەی دهۆک کاری دەکرد. 
 
لەدوای 23 کاژێر مانەوەی لە نەخۆشخانەی سووتانی دهۆک، گیانی لەدەستدا، لەبەر ئەوەی رێژەی سووتانی 80٪ بوو. 
 
ویستمان بچینە ئەو شوقەیەی ژنەکەی لێدەژیا، بۆ ئەوەی هۆکاری پشت سووتانەکەی بزانین. بەڵام دەرگا داخراوە و دراوسێکانیش ماڵەکانیان بارکردووە. 
 
شایەتحاڵێک ساتی رووداوەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە: "دەنگی قیژە و هاوار هات، دەستبەجێ لە ژووری نووستن چوومە ژوورەکەی دیکە، تەماشام کرد، ئەم باڵەخانەیە لە بەرامبەر ئێمەیە، لە خوارەوە لاشەی ئافرەتەکەم بینی، وەکو رەژووی لێهاتبوو، ئەوەندە رەش ببوو. هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیم لای ئەو ئافرەتە نەبینیوە چونکە ئەوە ماوەی ساڵێک بوو لەم شوقەیەدا دەژیا." 
 
لەم بەدواداچوونەدا، رووداو هەوڵیدا ئەو شوێنەی کاری تێدا دەکرد و هاوڕێکانی ببینێت، بەڵام هیچ شوێنەوارێکیان نەبوو.
 
دواجار، رووداو توانی ژمارەی هاوڕێیەکی بەدەستبخات. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "من قسە ناکەم، سبەی براکانم و مام و هۆزەکەم من ببینن دونیا بەسەرمدا دەڕووخێنن، من نازانم ئەو خۆی سوتاندووە یا کەسێک ئەوی سووتاندووە، ئەوەی لەسەر من بوو بردەوومەتە نەخۆشخانە، من نازانم کێ ئەو کارەی کردووە، ئەفسەرێک لە نەخۆشخانە قسەی لەگەڵ کرد و رێگەی نەدا ئێمە بچینە ژوورەوە، من دەمویست چاکەیەکی لەگەڵ بکەم و نەهێڵم ئاشکرابێت، بەڵام ئەوان رادەستی منیان نەکرد، لەوە زیاتر چی بکەم." 
 
تاوەکو ئێستا کەسوکاری ئیسرا دیار نین. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، باوکی فەلەستینییە و دایکی عێراقییە. ئیسرا لە ساڵی 2003یەوە لە هەرێمی کوردستانە و ماوەی چوار ساڵە لە دهۆک دەژیت. 
 
دادپزیشکیی دهۆک دەڵێت، دوو تا سێ مانگی دیکە تەرمی ژنەکە لای ئەوان دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی کەسوکاری بێت بەدوایدا. ئەگەر هیچ کەسێک نەچوو بەدەمیەوە، تەرمەکە رادەستی شارەوانی دەکرێت و بەخاک دەسپێردرێت.