حکومەتی هەرێمی کوردستان 43 ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 43 ئۆتۆمبێل بە زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشێت و شەش مەرجی بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە دەیانەوێت لە زیادکردنەکە بەشداری بکەن.
 
فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان، زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی 43 ئۆتۆمبێل بڵاو دەکاتەوە.
 
زیادکردنەکە لە رۆژی یەکشەممە، کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی 9ـی حوزەیرانی 2024، لە گەراجی فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەر کەس نیازی بەشداریکردنی هەیە، سەردانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران/فەرمانگەی یاسایی/بەڕێوەبەرایەتیی گرێبەستەکان و خانووبەرە بکات، بەم مەرجانەی خوارەوە:
1- دانانی چەکی پەسەندکراو، بە بڕی 360 ملیۆن دینار.
2- رسوومات و خەرجییەکانی ئەم ئاگادارییە دەکەوێتە سەر ئەستۆی براوەی زیادکردنەکە.
3- فرۆشتنەکان بە نەختینەیی دەبێت و دیناری عێراقی وەردەگیرێت.
4- کڕیار پێویستە لە پێنج رۆژدا ئۆتۆمبێلەکان بگوازێتەوە.
5- لە دوای ئەم ئاگادارییە، دەتوانن لە هەمان جێگەی ئاماژەپێکراو ئۆتۆمبێلەکان ببینن.
6- وەرگرتنی رێژەی 2٪ لە کۆی فرۆشتنەکە زیاد دەبێت.
 
فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بۆ هۆکاری فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە نەکردووە. 
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا دوو ملیۆن و 71 هەزار و 626 ئۆتۆمبیل هەبوون، 30 هەزار و 676 یان ئۆتۆمبێلی حکومی بوون.