فەهمی بورهان: لەگەڵ یاساناسان تاوتوێی کێشەی زەویوزاری ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەین

31-05-2023
هیدایەت جان
لێدوانی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو
لێدوانی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک یاساناسی بانگهێشتکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەی زەویوزاری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت، "راسپاردەکان کۆدەکەینەوە و دەیانکەین بە بابەتی گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق." 
 
رۆژی چوارشەممە 31-05-2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەمانەوێ لەگەڵ دەستەبژێرانی بواری یاسا، گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بکەین کە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و بەلامانەوە گرفتێکی یەکجار گەورەن، بەتایبەت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش کە تاوەکو ئێستا بەرکارن." 
 
فەهمی بورهان دەڵێت، "بڕیارمان داوە تەنیا سیاسی و کاربەدەستەکان قسە لەسەر ئەو پرسە نەکەن؛ بۆیە بانگهێشتی یاساناسانمان کردووە بۆ ئەوەی بەیەکەوە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش روون بکەینەوە و گفتوگۆ لەسەر کێشەی زەویوزاری ناوچە دابڕاوەکان بکەین، دواتر هەموو راسپاردەکان کۆدەکەینەوە و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین بۆ ئەوەی بیانکەین بە کەرەستەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق." 
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێیوایە، "تاوەکو ئەو بڕیارانەی تەمەنیان 50 بۆ 60 ساڵە لە ناوچە کوردستانییەکان کاریان پێ بکرێت، چارەسەری کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەرتەسکتر دەبێتەوە و گرفتەکان زیاتردەبن."
 
بەگوتەی فەهمی بورهان، "جووتیارێکی عەرەب 70 ساڵە گرێبەستێکی کشتوکاڵی بۆ کراوە، ئەوە لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە گرێبەستێکی کشتوکاڵی 70 ساڵ کاری پێ بکرێت، لەکاتێکدا ئەو عەرەبە هاتبێتە سەر زەوی جووتیارێکی کورد کە تاپۆی رەشی سەردەمی عوسمانی هەیە." 
 
فەهمی بورهان کۆی کێشەکان دەبەستێتەوە بە بەرکاربوونی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و دەڵێت، "تاوەکو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵنەوەشێنرێنەوە، ئەو ستەم و ناحەقییانە بەرامبەر کورد و تورکمان کە دانیشتووی رەسەنی ئەو ناوچانەن، بەردەوام دەبێت." 
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "لەدوای ساڵی 2003 بڕیارماندا لە عێراقێکی نوێدا بژین و دەستوورمان کرد بە بنەما. دواتر بە بڕیاری ژمارە 3ـی ساڵی 2012 سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵوەشێنرانەوە، بەڵام ئێستا کار بەو بڕیارە ناکرێت و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی کورد و تورکمان لەو ناوچانە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."