رووداو - سلێمانی
پیاوێک زیاتر لە مانگێکە چاوەکانی لەسەر ئەو ئامێرەیە کە پێوانەی دڵ و هەناسەی هاوژینەکەی دەکات، بە هیوای ئەوەی هەرچی زووە لە ژووری چاودێریی چڕ رزگاری ببێت؛ ئەو دەڵێت، "ئەگەر نەخۆشخانەی حکومی نەبێت نەخۆش دوو جار قوڕی بۆ دەگیرێتەوە بەهۆی گرانی لە یەکەی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان."
دیار ئەیوب، کەسوکاری نەخۆش ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر لە عینایەی ئەهلی بیت، قوڕ دەکرێت بە سەرتا و کۆمپانیاشت هەبێت ئیفلاس دەکەیت، شەوی 500 هەزار یاخود 900 هەزار دینارە؛ گیانمان بە نەخۆشخانەی حکومییە، ئەم جیهازە لە نەخۆشخانەی شار بە خۆڕاییە، چەند جەلسەیان بۆ کردووم، لە دەرەوە یەک جەلسە بە چوار ملیۆن دینارە."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، تەنیا 25 تەختی نەخۆش لە چاودێریی چڕ هەیە، ئەوانیش لە نەخۆشخانەی شارن، بەپێی داتای تەندروستیی سنووری پارێزگاکە، لانیکەم 80 تەختی چاودێریی چڕی پێویستە.
ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار رایگەیاند، "یەک تەخت تێچووەکەی سێ ملیۆن دینارە لەسەر حکومەت، کە پێنج ساڵە 30 تەختمان هەیە و هەمووی بۆ یەک کاژێریش چۆڵ نەبووە، بە پارەی دەرمان و پێداویستیی دیکە یەک نەخۆش شەوی 10 ملیۆن دینار تێچووەکەیەتی."
ئەوانەی لەو ژوورانەی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی شارن، هەریەکەو لانیکەم چەند شەوێک بەهۆی نەبوونی جێگەوە لە نەخۆشخانەی تایبەت ماونەتەوە، کە تێچووەکەی تەنیا بۆ تەختی نەخۆش لە 550 بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە. کێشەی ئەو بەشەی نەخۆشخانە حکومییەکە، کەمیی کارمەندە، چاویان لە حکومەتە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، پلانیش بۆ زیادکردنی تەختەکان هەن، بەڵام نەبوونی بوجە گرفتی بۆ دروستکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ