کورد لە شەش ساڵدا 138 پۆستی ئیداری و ئەمنی لە کەرکووک لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی شەش ساڵدا 138 پۆستی ئیداری و ئەمنیی کەرکووک، لەدەستی کورد دەرهێنراون. هەریەکە لە پارتی و یەکێتی، یەکدی بە هۆکاری لەدەستدانی پۆستەکان تۆمەتبار دەکەن، لە تازەترین حاڵەتی هاوشێوەشدا عەبدولکەریم عەبدولمەجید کە بڕیاری دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگاکە بۆ دەرچوو، چەند رۆژێک پێش ئێستا کەسێکی عەرەب لە شوێنەکەی دانرا.
عەبدولکەریم عەبدولمەجید لە بنەماڵەیەکی دیاری پارتییە و ئیدارەی کەرکووک بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ دەکردبوو تاوەکو ببێتە بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگاکە، بەڵام لەساتەکانی کۆتایدا کەسێکی عەرەب لە شوێنەکەی دانرا.
عەبدولکەریم عەبدولمەجید دانیشتووی کەرکووکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە فەرمانی کارگێڕی لە 12ـی یەکی ئەمساڵ فەرمان کرا، من ببمە بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانانی پارێزگای کەرکووک لەسەر وەزارەتی شارەوانییەکان، سەیرەکە لەوەدا بوو، فەرمانەکەیان جێبەجێ نەکرد و ئاگادارکرامەوە، کە بەڕێوەبەرێک لە نەتەوەی عەرەب، لە شوێنەکەم دانراوە".
یەکێتی لە کەرکووک ناکۆکی سیاسی و خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و بەجیا داواکردنی پشکی کورد، بە هۆکاری لەدەستدانی پۆستەکان دەزانێت و ئومێدی باشبوونی دۆخەکەی نییە.
سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "هۆکاری سەرەکیی ئەو ستەمەی لە ئێمە کراوە؛ ئەو پەرتەوازەبوونەیە کە لەنێو ماڵی کورددا هەیە؛ تاوەکو بەو شێوەیە بمێنینەوە، ئەو لایەنانە دەرفەت دەقۆزنەوە. ئەگەر ئێمە بەجیا و لایەنەکانی دیکە بەجیا سەردانی ئیدارەی کەرکووک بکەین و داوای پۆست بکەین، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە سوود لەو ناکۆکییە دەبینن و بڕیارەکانیان بە دژی ئێمە دەشکێتەوە".
لە کەرکووک، پارتی هیچ پۆستێکی ئیداری و ئەمنی نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە لە رێگەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بەشێک لە پۆستەکانی کورد بگەڕێنێتەوە.
محەممەد خورشید، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیانی پارتی دەڵێ "هەموو ئەو پۆستانەی دیکە کە کورد لەدەستیچوون هۆکارە سەرەکییەکەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرە. ئەوانەی لە کەرکووک بەهۆی خیانەتەوە پۆستیان وەرگرتووە، پیرۆزیان بێت، بەڵام پارتی بەدوای ئەوەیە کە مافە لەدەستچووەکانی کورد لە کەرکووک وەربگرێتەوە و لەسەروو هەموویەوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک".
تەنیا لەماوەی ئەم مانگەدا، سێ پۆست، دووانیان لە زانکۆی کەرکووک و ئەوەی دیکەشیان لە فەرمانگەی پلاندان لە کورد سەنراوەتەوە و بە عەرەب دراون.