لە کەرکووک هێزێکی سوپا دروێنە بە جووتیارانی کورد رادەگرێت و جووتیارانیش خێمە هەڵدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی سوپای عێراق بە هەمەری سەربازییەوە چووە سەر جووتیارانی تۆپزاوا لە کەرکووک و دروێنەوی بەروبوومەکانی پێ راگرتن. یەکێک لە جووتیارە کوردەکان دەڵێت، هێزەکانی سوپا دەڵێن: جووتیاران زێدەڕۆییان کردووە و دەبێت جێی بهێڵن.
فەرەیدوون ناسیح، جووتیاری کورد کە بەهۆی رێگریی سوپاوە بەشێک لە بەرهەمەکانی دروێنە کرد و بەشێکی بەجێهێشت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گوتیان ئەمە زەویی وەزارەتی بەرگرییە و ئێوە زێدەڕۆن لەسەری. گوتمان زەویی باوک و باپیرمانە و تاپۆمان هەیە، نووسراو هاتووە دەبێ ئەم گوندەی ئێمە چۆڵ بکەن."
سوپای عێراق لەهەوڵدایە دەستبەسەر 13 هەزار دۆنم زەویی جووتیاراندا بگرێت و دەڵێت: زەوییەکە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانە، جووتیارانی کورد و تورکمان گردبوونەوە و لەسەر زەوییەکان خێمەیان هەڵداوە.
ئەو زەوییەی سوپای عێراق دەیەوێت دەستی بەسەردابگرێت، کورد و تورکمان لە باشووری کەرکووک خاوەنین، لەسەردەمی رژێمی بەعس لێیان سەندراوەتەوە و خۆیان ئاوارەکران، ئەوکات موڵکیەتیان گۆڕدراوە بۆ نێو وەزارەتی بەرگری، هێزەکانی سوپا بەو بەڵگەیەوە دەیانەوێت زەوییەکان لە جووتیاران زەوت بکەن.
ئیبراهیم هرمزی، جووتیارێکی تورکمانی دانیشتووی گوندی ترکەلانە و دەڵێت، "هەمەریان هێناوە و ئێمەیان گەمارۆ داوە، چییە ئێمە لە فەلەستینین؟ داوای مافمان دەکەین، داوای مافمان دەکەین، ئەی پەرلەمان! ئەی دەوڵەت! ئەی حکومەت وەرنە پال گەل."
نازم تۆپزاوایی، جووتیارێکی کوردە و باس لەوە دەکات کە "زەوی لە کورد سەندرابووەوە، زەوی لە تورکمانی شیعەی تسعین سەندرابووەوە، دەیانەوێت لێرە تورکمان و کورد نەهێڵن."
وەزیری بەرگریی عێراق سەردانی کەرکووکی کرد و ژمارەیەک پەرلەمانتار لەسەر ئەو پرسە دیدارێکیان لەگەڵی ئەنجامدا. بەشێوەی کاتی سوپا لەسەر زەویوزاری جووتیاران کشانەوە و بڕیارە جووتیاران دەست بە دروێنەی بەروبوومەکانیان بکەنەوە.
نەجوە کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "توانیمان ئەو هەمەران بکشێنینەوە و سوپا بچنەوە شوێنی خۆیان و واز لە جووتیاران بهێنن، بۆیە ئەمڕۆ وەزیر هاتبووە سنوورەکە بۆئەوەی ئەمانە چارەسەر بکەین، چونکە ئێمە قبووڵ ناکەین شوێنێکی مەدەنیی نیشتەجێبوون هەمەر و سەربازی لێبێت."
جووتیاران بەنیازن بەردەوامیی بە مانگرتن و ناڕەزایی بدەن تاوەکو ئەوکاتەی مەترسیی داگیرکردنەوەی زەوییەکانیان هەبێت کە لەم کاتەدا سێ لایەنی سوپا و ئیدارەی خۆجێی و هاوردەکان چاویان لەسەریەتی.