پیاوێک لە هەولێر هەشت ژنی هێناوە و حەوتیان بەجێیانهێشتووە؛ ژنەکانی چی دەڵێن؟


رووداو دیجیتاڵ

پیاوێک لە هەولێر کە خۆی دەڵێت بازرگانە، هەشت جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، بەڵام حەوت لە هاوژینەکانی بەجێیانهێشتووە. دلێر خدر، تەمەنی 53 ساڵە و ئێستا بە تەنیا لە ماڵەکەیدا دەژی و دەڵێت، "هەموو ژنەکان بە قوربانی ژنی گەورە بن."
 
دلێر خدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر حەوت ژنەکەم رۆیشتوون، یەک ژنم لا ماوە، ماڵی لە تەنیشتمە و نەخۆشە، بەڵام هەموو ژنەکانی دیکە بە عائیلەوە بە قوربانی ژنی گەورەم بن، ئەو رەسەنە، بەڵام ئەوانی دیکە ئەسڵی نەبوون، ئەگەرنا ئەوان ئەوها ناکەن، ماڵی باوکی چۆن لێدەگەڕێن لەگەڵ کەسی دیکە وێنە بگرێت و لێی نەپرسێت، سکاڵام لە دادگە تۆمارکردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆریی داواکانم لە دادگە لێم وەرناگرێت."
 
"ش. ش" یەکێکە لە هاوژینەکانی دلێر، تەمەنی 17 ساڵ بووە کاتێک ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێکهێناوە، ئێستا تەمەنی 28 ساڵە و رەتیدەکاتەوە کە ماڵی بەجێهێشتبێت، دەڵێت، دلێر ئەوی بردووەتەوە ماڵی باوکی و دواتر لێی جیابووەتەوە. "ش. ش" جارێکی دیکە هاوسەرگیریی کردووەتەوە.
 
"ش. ش" هاوژینی پێشووی دلێر گوتی، "گوتم با گرێبەستی هاوژینی بکەم ئینجا مێردت پێدەکەم، ئەو گوتی: نا، بە هەموو داواکارییەکانم رازیبوو، منیش شووم پێکرد. شەش رۆژی پێچوو، گوتم با بچین گرێبەستی زەواج بکەین، گوتی: جارێ نا، ئەوخۆی منی هێناوەیەوە ماڵ و رام نەکردووە، کەسێک شوێنی خۆشبێت چۆن رادەکات؟ ئەو خۆی منی تەڵاقداوە."
 
پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو کەیسە دەکات، لەگەڵ باوکی یەکێکی دیکە لە هاوژینەکانی دلێر قسە دەکات، باوکی "أ، ف" نایشارێتەوە کە کچە تەمەن 17 ساڵانەکەی مارەبڕی دلێرە، بەڵام دەڵێت، کچەکەی ئێستا لەو هاوسەرگیرییە پەشیمان بووەتەوە.
 
"ف.‌ع"، باوکی یەکێک لە هاوژینەکانی دلێر بە رووداوی راگەیاند، "کچەکەم کە زانی دلێر 6 ژنی مارەکردووە، پەشیمان بووەوە، گوتی: ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم خۆم دەسووتێنم، منیش دەمەوێت کێشەکە چارەسەر بکەم، ناتوانم گوشار لە کچەکەم بکەم."
 
سێ لەو ژنانەی دلێر مارەی کردبوون، عەرەب بوو، وێنەی وێنەی کاتی مارەبڕین و گواستنەوەی ئەو حەوت ژنەشی لای خۆی هەڵگرتووە. دایکی یەکێکی دیکە لە هاوژینەکانی دلێر دەڵێت، کچەکەی هەڵنەهاتووە و لەسەر پارەی ساڵۆن هاوسەرگیرییەکە هەڵوەشاوەتەوە.
 
‌"هـ، م"، دایکی یەکێک لە ژنەکانی دلێر باس لەوە دەکات، "نە بەخوا رامان نەکردووە، ئەگەر شاهێدیشتان دەوێت ئەوا خاوەنی ئاریشگاکە هەیە، خۆی ئێمەی لە ئارایشگەکە راکێشا و پێی گوتین لێرە بڕۆن تەنانەت جلوبەرگی بووکێنی و ئارایشگەکەشی بەکرێ گرتبوو کە هەردووکیان لەلای یەکدیبوون لە گەڕەکی نەورۆز، چاوەڕوانی ئەوەبووین کە بووکەکە بگوازێتەوە بڕیاربوو دوای نەورۆز هاوسەرگیرییەکە بکەن، ئێمە رێزمان لێگرت، بەڵام نازانین ئەو چی لە ئێمە دەوێت، ئەگەر هەموو کەس وەکو ئەم پیاوەبێت ئەوا کەس ژنی ناداتێ."
 
تاوەکو ئێستا دلێر بەفەرمی لە هیچ یەکێک لە هاوژینەکانی جیانەبووەتەوە، بەڵام دوو لە هاوژینەکان هاوسەرگیریی دووەمیان کردووەتەوە. 
 
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایان ئاماژە بەوە دەکات، "نابێت پیاو زیاتر لە 4 ژنی هەبێت، ئەمە ناشەرعییە و هەروەها نایاساییشە."
 
دلێر ژنێکی لە دادگە و 6 ژنی دیکەیشی لەلای مامۆستای ئایینی مارەکردوون، بەپێی یاسای باری کەسی، مارەبڕین لە دەرەوەی دادگە نایاساییە. 
 
دادوەر شێروان ئیبراهیم، ئەندامی داواکاری گشتی لە دادگەی هەولێر دەڵێت، "بەپێی یاسا دەبێت گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگەکان بکرێت، نابێت مامۆستای ئایینی بەر لە دادگە گرێبەستی هاوسەرگیری بکات، ئەگەر کەسێک زیاتر لە دوو ژنی هەبێت ژنەکانی ئاگادارنەبن ئەوا سزا دەرێت."
 
یەکەم ژیانی هاوژینیی دلێر لە ساڵی 1994 بووە. لە نێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2023، حەوت جاری دیکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە. بەرهەمی ژیانی هاوژینیی دلێر لەگەڵ 8 ژنەکەی، 7 منداڵن، دەشڵێت، 850 هەزار دۆلاری لە مارەکردن و گواستنەوەی هاوژینەکانی خەرجکردووە. ئەو سکاڵای یاسایی بە تۆمەتی "ناپاکیی هاوژینی و بردنی پارە و زێڕ" لە دادگەی هەولێر لەسەر هەر حەوت هاوژینەکەی تۆمارکردووە.