پاراستنی ژینگەی سنە: کێشەی رژانی ئاوەڕۆ بۆ نێو دەریاچەی زرێبار چارەکرا

31-05-2023
نیشانەکردن زرێبار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە رایگەیاند: کێشەی ئاوەڕۆی گوندەکانی سەر دەریاچەی زرێبار کە سەرچاوەی مەترسی بوون بۆ دەریاچەکە، چارەکراوە.
 
ئیقباڵ حەمیدی، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی دەریاچەی زرێبار، گوتی: دەریاچەی زرێبار بارودۆخێکی باشی هەیە، بەڵام بۆ پارێزگایکردن لەم دەریاچەیە، هاوکاریی خەڵک و دامودەزگا حکومییەکانیش پێویستە.
 
ئیقباڵ حەمیدی دەڵێت: لە پارەوە، سێ گرووپ و سێ کۆمیتەی پەیوەندیدار بە دەریاچەی زرێبار پێکهاتوون و لە ئاکامدا هەوڵی باش بۆ ئەو دەریاچەیە دراوە.
 
بەگوتەی چالاکڤانانی ژینگەیی خەڵکی مەریوان، "دەریاچەی زرێبار کێشەی زۆری هەیە"، یەکێک لەوان ئاوەڕۆی ژمارەیەک گەڕەکی شاری مەریوان و گوندەکانی سەر دەریاچەکەن، کە مەترسییان لەسەر ژینگەی زرێبار دروست کردبوو.
 
نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: ئاوی بەنداوی گاڕان بۆ دەریاچەکە بەردراوەتەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی بووژانەوەی دەریاچەکە بکات.
 
بەگوتەی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، دەریاچەی زرێبار بەهۆی ئیدارەدانی خراپی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، وشکەساڵی، کشتوکاڵی دەوروبەری دەریاچەکە، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و سووتانی قامیشەڵانەکان مەترسی وشکبوونی لەسەرە. 
 
عیسا کەڵانتەری، سەرۆکی پێشووی ریکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ساڵی 2018 سەردانی مەریوانی کرد و بەڵێنیدا 2 ملیار تمەن بۆ ریکخستنی زێراب و ئاوەڕۆکان تەرخان دەکات، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە، هێشتا دابین نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە