راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

 
ناسر عەلی و هێمن بابان

رووداو دیجیتاڵ

بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد. قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، لە رێگەی نێوان هەولێر - دهۆک سنگی تووشی ئازار بووە و تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
 
شەعبان بەرواری، قایمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد. گوتیشی، لە نزیک بازگەی چەمە لەنێوان هەولێر و دهۆک تەندروستی تێكچووە و پێش ئەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانەی ئاکرێ، گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوتەی قایمقامی ئاکرێ، تاوەکو ئێستا راپۆرتی پزیشکی دەرنەکەوتووە بۆئەوەی بزانرێت هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی چییە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی کە شۆفێرەکەی باسی کردووە، بێوار خنسی سنگی تووشی ئازار بووە و پێدەچێت بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستدابێت.
 
جەمال عیسا کە ئەمڕۆ لەگەڵ د. بێوار خنسی بووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بۆ پشکنین لە هەولێر چووینە یەکێک لە نەخۆشخانەکان و دواتر گوتی بگەڕێینەوە بۆ دهۆک، لە رێگەدا لە نزیک بازگەی چەمە تەندروستی تێکچوو و، کۆچی دواییکرد."
 
تەرمی ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان براوە بۆ دادپزیشکیی شێخان بۆئەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بزانرێت. 
 
د. بێوار خنسی یەکێک بوو لە شارەزایانی وزە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ساڵی 1959 لە گوندی خنسی قەزای شێخانی پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەو قەزایە تەواوکردووە، بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە جیۆلۆجی و کانزاکان بەدەستهێناوە.
 
بێوار خنسی کە پێشتر راوێژکاری ئاسایشی ئابووریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، وەکو راوێژکار و شارەزا لە چەندین ناوەند توێژینەوەی کردووە، زیاتر لە 20 کتێبی لەبواری وزە و سامانە سرووشتییەکان هەیە.