رووداو دیجیتاڵ
بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگای کرماشان لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕووی بێکارییەوە دووەمین پارێزگایە، هەروەها رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی لوڕستان، سنە و ورمێش بەرزە، بەڵام پارێزگای ئیلام لە ریزی ئەو پارێزگایانەدایە کەوا رێژەی بێکارییان کەمترە.
ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاریی ساڵی پاری هەتاویی بڵاوکردووەتەوە و بەپێی راپۆرتەکە لە پارێزگای کرماشان 14.9% بووە، ئەمەش لەچاو ساڵی پێشتری هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
پارێزگای لوڕستان پلەی دووەمی بێکارترین پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانی هەیە و رێژەی بێکاری تێیدا 12.5% بووە، کە نزیکەی 3% کەمترە لە ساڵی رابردوو. رێژەی بێکاری لە پارێزگای ورمێ 12.4% و لە سنە 11.7% بووە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو رێژەکە 13.2% و 14% بوو.
رێژەی بێکاریی لە پارێزگای ئیلام 7.5% بووە، بەڵام ساڵی 2020 رێژەی بێکارانی ئیلام 6.7% بووە.
بەگشتی رێژەی بێکاری لە ئاستی هەموو ئێراندا 9.2% بووە، بەم پێیەش رێژەی بێکاری لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر لە ئاستی مامناوەندیی ئێران بووە.
ناوەندی ئاماری ئێران بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی بێکاری، خەڵکی سەروو 15 ساڵ ئەژمار دەکات. لەو راپۆرتەدا هاتووە، رێژەی بێکاریی ژنان زیاتر لە پیاوانە و بێکاری لە شارەکانیش زیاترە بەراورد بە گوندەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ