چوار رۆژە ئاگر لە دەوروبەری چوار گوندی زاوێتە کەوتووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 50 کەس خەریکن ئاگری ئەو چیایە دەکوژێننەوە کە بەسەر سیارەتیکادا دەڕوانێت، ئەو ئاگرەی سەدان دۆنم زەوی و رەز و باخی سووتاندووە.
 
پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە، پۆلیسی بەرگریی شارستانیی دهۆک و ئامێدی و پۆلیسی دارستان لە دهۆک، ئاگری دەوروبەری گوندەکانی گەڤلەسنێ، گوندک نەبی، لومانا و سیارەتیکا لە شارۆچکەی زاوێتە دەکوژێننەوە کە چوار رۆژە بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە. ئاگرەکە بە رۆژ کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام بە شەو جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە. 
 
موقەدەم رەمەزان سیاری، پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەیە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان ئامێر و ئامرازی پێویست و پێشکەوتوویان لەبەردەست نییە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. 
 
بە گوتەی پێشمەرگەی ژینگە، خەڵکی گوندەکانیش پێش ئەوەی ئاگرەکە فراوان ببێت، هەوڵی کوژاندنەوەی نادەن. کێشەی مین و تەقەمەنییەکانیش، کێشەیەکی دیکەیە لەو ناوچەیە لەبەردەم هەوڵی هێزەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
 
دانیشتوویەکی گوندی سیارەتیکا ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو رەزەکانمان سووتان، دار و دەوەنەکانیشمان زیانی زۆریان پێگەیشتووە."
 
ئەمساڵ ئاگر لە دەوروبەری 15 گوند لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک کەوتووەتەوە و زیاتر لە حەوت هەزار دۆنم زەوی لەنێوچووە. بەشێکی ئاگرەکانیش بۆ سووتانی پووش و دڕکی ناوچەکان لەلایەن جووتیارەکانەوە دەگەڕێتەوە.