مالیزیا بەدەست بەرزبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆناوە هەراسان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە مالیزیا لە بەرزبوونەوەدایە و یەکەکانی چاودێریی چڕ پڕبوون لە نەخۆش و بڕیارە لە سبەینێوە قەدەخەی هاتووچۆی گشتی لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکرێت.
 
ئەگەرچی ساڵی رابردوو مالیزیا توانیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سنووردار بکات، بەڵام ئێستا ڤایرۆسەکە بەهۆی جۆرە گۆڕاوەکانیەوە بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و ئەو وڵاتەی گیرۆدە کردووە.
 
تەنیا لەم مانگەدا گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 200 تووشبووی پەتاکە لەو وڵاتە تۆمارکراون، لەکاتێکدا کە بە درێژایی ساڵی رابردوو 471 تووشبوو گیانیان لەدەستدابوو.
 
لە چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی، بەجۆرێک کە رۆژی شەممە نۆ هەزار و 20 تووشبووی نوێ تۆمارکران.
 
نوور هیشام عەبدوڵڵا، وەزیری تەندروستیی مالیزیا رایگەیاند، لە هەندێک نەخۆشخانە یەکەکان پڕبوون لە نەخۆش و قەرەوێڵەی بەتاڵیان نەماوە، ئەوەش وایکردووە تووشبووەکان لە یەکە ئاساییەکانی نەخۆشخانەکاندا چارەسەر بکرێن.
 
هاوکات بڕیارە لە رۆژی سێشەممە 01-06-2021ـەوە قەدەخەی گشتی لەو وڵاتە رابگەیێندرێت؛ لە هەر ماڵێکدا تەنیا دوو کەس رێگەپێدراو دەبن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان یان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بڕۆنە دەرەوە و نابێت زیاتر لە 10 کیلۆمەتریش لە ماڵەکانیان دووربکەونەوە.
 
هەموو ئەو چالاکییە وەرزشییانەشی کە بەرکەوتنیان تێدایە، قەدەخە دەکرێن و قوتابخانەکان و مۆڵەکان دادەخرێن. زۆربەی کەرتی پیشەسازی بە کەمکردنەوەی هێزی کارەوە، بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 572 هەزار و 357 تووشبووی کۆرۆنا لە مالیزیا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 796 کەس گیانیان لەدەستداوە.