مالیزیا بەدەست بەرزبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆناوە هەراسان دەبێت

31-05-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە مالیزیا لە بەرزبوونەوەدایە و یەکەکانی چاودێریی چڕ پڕبوون لە نەخۆش و بڕیارە لە سبەینێوە قەدەخەی هاتووچۆی گشتی لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکرێت.
 
ئەگەرچی ساڵی رابردوو مالیزیا توانیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سنووردار بکات، بەڵام ئێستا ڤایرۆسەکە بەهۆی جۆرە گۆڕاوەکانیەوە بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و ئەو وڵاتەی گیرۆدە کردووە.
 
تەنیا لەم مانگەدا گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 200 تووشبووی پەتاکە لەو وڵاتە تۆمارکراون، لەکاتێکدا کە بە درێژایی ساڵی رابردوو 471 تووشبوو گیانیان لەدەستدابوو.
 
لە چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی، بەجۆرێک کە رۆژی شەممە نۆ هەزار و 20 تووشبووی نوێ تۆمارکران.
 
نوور هیشام عەبدوڵڵا، وەزیری تەندروستیی مالیزیا رایگەیاند، لە هەندێک نەخۆشخانە یەکەکان پڕبوون لە نەخۆش و قەرەوێڵەی بەتاڵیان نەماوە، ئەوەش وایکردووە تووشبووەکان لە یەکە ئاساییەکانی نەخۆشخانەکاندا چارەسەر بکرێن.
 
هاوکات بڕیارە لە رۆژی سێشەممە 01-06-2021ـەوە قەدەخەی گشتی لەو وڵاتە رابگەیێندرێت؛ لە هەر ماڵێکدا تەنیا دوو کەس رێگەپێدراو دەبن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان یان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بڕۆنە دەرەوە و نابێت زیاتر لە 10 کیلۆمەتریش لە ماڵەکانیان دووربکەونەوە.
 
هەموو ئەو چالاکییە وەرزشییانەشی کە بەرکەوتنیان تێدایە، قەدەخە دەکرێن و قوتابخانەکان و مۆڵەکان دادەخرێن. زۆربەی کەرتی پیشەسازی بە کەمکردنەوەی هێزی کارەوە، بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 572 هەزار و 357 تووشبووی کۆرۆنا لە مالیزیا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 796 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک لەو باڵەخانانەی بڕیارە لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان دروستبکرێن. وێنە: رووداو

لە ساڵی 2014ـەوە 300 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان تەواو نەبوون

لە پارێزگای هەڵەبجە 25 باڵەخانە بۆ کرێنشينان و کەمدەرامەتان دروستکراون، کە لە 300 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە، بڕيار بوو پرۆژەکە لە ماوەی 400 رۆژدا هەموو کارەکانی تەواو ببێت؛ بەڵام دوای سێ جار راوەستان و دەستپێکردنەوە، هێشتا کارەکانی پرۆژەکە تەواو نەکراون