ئەمساڵ لە سنووری دهۆک چوار هاونیشتمانی بە بۆردوومانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو - دهۆک

جارێکی دیکە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ترس و دڵەراوکێی خستە دڵی خەڵكی قەزار و گوندەکانی دەوروبەری دهۆک و بەیانیی دوێنێ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا کە بەوەیش لەمساڵدا چوار هاونیشتمانی بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
 
 یەکەم جار نییە ئەو ناوچەیە بۆردوومان دەکرێت، ئەمساڵ چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش برینداربوون. لە دوو ساڵدا بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە 24 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە. 27ـی ئەم مانگەش لە گوندی سەفرە ئۆتۆمبێڵێکی پەکەکە بۆردوومانکرا، دوو گەریلای پژاک و سێ لایەنگریان گیانیان لەدەستدا.
 
 
ئەحمەد نورەدین، برای قوربانییەکە و دەڵێت، "بە خودا ئەوان چووبوون گیای بەهارەی وەک کەنگر و ئەو شتانە بهێنن. ئەمەیش کارەساتێکی گەورەیە ئەوە نزیکەی 25 کەس لەم ناوچەیە کوژران. ئینجا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکات. یەکیان برامە و ئەوی دیکەشیان برازامە".
 
سەید جەلالی تەمەن 67 ساڵ کە باوکی حەوت منداڵە لەگەڵ ئەحمەدی کوڕی کە ئەویش سێ منداڵ و دوو ژنی لەپاش جێماون، بۆ بژێوی چووبوونە  دەڤەری نێروە و رێکان، بەڵام بۆردوومان کران و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
 
ئەیووب رەزوان، شایەتحاڵە و دەڵێت، "کاژێر 05:10 بەڕێوە بووین. گەیشتینە گوندێک، من بەوانم گوت ئێوە بڕۆنە فڵان شوێن و چایەک لێبنێن هەتا من دێم. تاوەکو من رۆیشتم فڕۆکە بۆردوومانەکەیان کرد. ئیتر شوێنەکە بەسەریاندا رووخابوو".
 
سامی ئوشانا، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شارۆچکەی دێرەلووک لەو شارۆچکانەیە کە 70%ی گوندەکانی لە دەستی پەکەکەدان کە شوێنی شەڕی نێوان دوو هێزن".
 
دوای 11 کاژێر لە چاوەڕوانی، تەرمی قوربانییەکانی بۆردوومانەکەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گەیشتنەوە دەستی کەسوکاریان. لە بەیانیی 30ـی ئەم مانگەدا پشتی چیای لینکێی لە سنووری ناحیەی دێرەلووک بۆردوومان کرد کە ئەو باوک و کوڕە بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
 
74%ی سنووری ئامێدی بەردەوام مەترسیی بۆمببارانی لەسەرە و تاوەکو ئێستا 362 گوندی سنووری پارێزگای دهۆک چۆڵکراون.
 
هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک چوار کەس لە ئەنجامی بۆمببارانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بەو هۆیەوە بریندار بوون.