30 هەزار کرێنشین لە سلێمانی چاوەڕوانی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونن

31-05-2017
سامان بەشارەتی
سامان بەشارەتی
..
..
نیشانەکردن کرێنشین
A+ A-

رووداو - سلێمانی

لە پارێزگای سلێمانی 30 ھەزار کرێنشین چاوەڕوانی وەرگرتنی سێ هەزار و 200 یەکەی نیشتەجێبوونن، بەڵام لە ساڵی 2013ـەوە تەنیا هەزار و 500 یەکە تەواو بوون و ئەوانی دیکە کارکردن تێیاندا وەستاوە.

بەپێی خەمڵاندنی ئەو لیژنەیەی سەرپەرشتی تەواوکردنی ھەردوو پرۆژەی ناوچەی سیتەک و زڕگوێز دەکات، بڕی 30 ملیار دینار دەتوانێت پرۆژەکان کۆتایی پێبھێنێت و کلیل بدرێتە دەست ئەوانەی وەریدەگرن، چونکە تەنیا خزمەتگوزاری شەقام، ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبای ماوە و کارەکانی دیکەی تەواو بوون.

پێشڕەو کەمال، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دەڵێت "بۆ ئەوەی ئەو پرۆژانە تەواو بکەین دوو پێشنیازمان داوە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بریتین لەوەی، یان بڕێک پارە لەو کەسانە وەربگیرێت کە یەکەکانیان پێدەدرێ، یاخود کۆمپانیاکە یان حکومەت خۆی پارە دابینبکات بۆ ئەوەی پرۆژەکان تەواو بکەین".

بەپێی ئەو پلانەی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینان لە سلێمانی دایناوە، تەنیا هەزار و 200 ھاونیشتمانی سوودمەند بوون، بەڵام دوای سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی لەبەرئەوەی حکومەت توانانی تەواوکردنی پرۆژەکانی نییە، بڕیاریدا ئەوانەی سوودمەند نەبوون زەویان بەسەردا دابەشبکات، ھێشتا ئەو پرۆسەیەش نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەرھەم قەرەداغی، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کرێنشین هەبووە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە کرێی خانوو بدات، گورچیلەی خۆی فرۆشتووە، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەن ئاوڕێک لە کرێنشینان بداتەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە