لە بنکەیەکی دەنگدان لە ئامەد شەڕ روویدا؛ کەسێک کوژرا و 11 بریندارن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بنکەیەکی دەنگدان لە ناوچەی سووری ئامەد شەڕ روویدا، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کەسێک کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
 
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو لە ئامەد لەبارەی شەڕەکەوە رایگەیاند "لە گوندی جڕنک لە ناوچەی سووری ئامەد، کە 35 بۆ 40 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئامەد دوورە، دوو ماڵبات لەسەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی موختاری، بەشەڕ هاتوون."
 
بەگوتەی پەیامنێرەکەی رووداو، لە ئەنجامی شەڕەکەدا 12 کەس بریندار بوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
 
ماشەڵڵا دەکاک هەروەها دەڵێ "دواتر یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە؛ کەناوی ئەمین چەلیکە و خەڵکی گوندەکەیە.'' 

 

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31-3-2024) دەستیپێکرد، تێیدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 50.59٪ـی دەنگدەران ئافرەت و 49.41٪ـیشیان پیاون. لە هەڵبژاردنەکەدا، ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن.