دەستەی رای عەرەبی: ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکان باشترین بژارەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک، ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان سێ پێکهاتەکانی پارێزگاکە بە "باشترین" بژارە ناودەبات و دەڵێت، "هەر سێ پێکهاتەکە گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی کە ئاڵوگۆڕکردن گونجاوترینە بۆ قۆناخی ئێستای کەرکووک." پێشبینیش دەکات دوای جەژنی رەمەزان لەسەر ئەو بژارەیە رێککەوتن بکرێت.
 
د. نازم شەمەری، هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئاگاداریی ئێمە، پێکهاتەکانی پارێزگاکە و نوێنەرانیان لە کورد و عەرەب و تورکمان، گەیشتوون بەو ئەنجامەی، باشترین بژارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حکومەتی خۆجێیی پارێزگا و پۆستی پارێزگار ئەوەیە هەمووان بە پێشنیازەکەی بەرەی تورکمانی بۆ پارێزگاکە رازی بن."
 
نازم شەمەری دەڵێت، پێشنیازەکەی بەرەی تورکمانی بەو جۆرەیە کە "چوار ساڵی پۆستەکە کە 48 مانگ دەکات بە جۆرێک بێت هەر 16 مانگ جارێک پارێزگار لە پێکهاتەیەک بێت. ئەم پێشنیازە گونجاوترینە، چونکە وادیارە لایەنەکان ناگەن بە چارەسەری دیکە." گوتیشی، "دوای جەژنی رەمەزان ئەم پێشنیازە دەبێت بە راستی و حکومەتی خۆجێیی پێکدەهێندرێت."
 
هەر لەو بارەوە پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، "پێشنیازی جیاواز هەن، بەڵام هیچیان بە تەواوی پەسند نەکراون."
 
پەروین فاتیح گوتی، بڕیارە بەم نزیکانە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە و "هیوادارین چارەسەر بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە. ئێمە وەکو یەکێتی پێمان وایە دەبێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت و یەکێتی بێت."
 
کورد لە 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک حەوت کورسی بەدەستهێناوە؛ عەرەب شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی بردووەتەوە و کریستیانیش خاوەنی کورسییەکی کۆتایە.