پسووڵەکانی دەنگدان لە ئامەد بە هێلیکۆپتەری سەربازی گوێزرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بە هێلیکۆپتەری سەربازیی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی ئامەد، پسووڵەکانی دەنگدان بۆ هەندێک شوێنی نیشتەجێبوونی ناوچە گوندنشینەکان گوێزرانەوە.
 
کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئاداری 2024 لە پارێزگای ئامەد، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 16:00 بەردەوام دەبێت.
 
بەرپرسانی بنکەکانی دەنگدان و پسووڵەکانی دەنگدان بە هێلیکۆپتەری سەربازی بۆ هەندێک شوێنی نیشتەجێبوونی ناوچە گوندنشینەکان گوێزرانەوە.
 
دەم پارتی دوو کەسی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئامەد بەربژێر کردووە و ئامانجییەتی ئەو شارەوانییە وەربگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا بردییەوە، بەڵام دواتر قەییومی بۆ دانرا. دوو بەربژێرەکەی بریتین لە سەرا بوجاک و دۆغان هاتوون.
 
هەرچی ئاکپارتییە بە بەربژێرکردنی محەممەد هالیس بیلدەن لە رکابەرایەتییەکاندایە و جەهەپەش جەعفەر پێکدەمیری بەربژێر کردووە.
 
هەر لە ئامەد چەندین پارتی دیکە هەن کە ئەندام و لایەنگریان هەیە. فارووق دینچ بەربژێری هوداپار و محەممەدشاه ئەرەنیش بەربژێری هاکپارە.
 
راپرسییەکان دەریدەخەن کە دەم پارتی زیاتر لە 50%ی دەنگەکان؛ ئاکپارتی نزیکەی 30%؛ هوداپار نزیکەی 5%ی دەنگەکان؛ جەهەپە نزیکەی 2%ی دەنگەکان دەبەنەوە. هاکپاریش نزیکەی 1%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.