باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: هانی پارتیم دا کار بۆ هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەرد بکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هانی پارتی داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و بەغدا کار بۆ هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەرد بکات.
رۆژی یەکشەممە، 31ی ئاداری 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی ئێکس دا بڵاویکردەوە، دوێنێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ کورد، هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ کرد."
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "هانی پارتیم دا بۆ ئەوەی کار لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکان و بەغدا بکات تاوەکو دڵنیایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەرد لە کاتێکی نزیکدا بدات."
ئەو راگەیێندراوەی باڵیۆزی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە باڵیۆزەکە کرد و گوتی پارتی "هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دوو ساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو لایەنانە "ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لە رێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان."
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و "ئەمریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت."
18ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
هەر دوێنێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و "ههردوولا بيروڕايان لەبارەی گرنگيى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان و تێبينى و نيگهرانيى لايهنهكان گۆڕييهوه."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهیەکدا، دوايين پێشهاتهكانى دۆخى سياسى و ناوخۆى عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، پرسى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان و پهيوهندييهكانى ئهمريكا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، تاوتوێ كران.
باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە "ئێمە دوو ساڵە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستوورین کە لە هەلومەرجێکی رەوا و پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت."
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور دەربڕی.
10ی حوزەیرانی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا بازنەکانى هەڵبژاردن لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، ئەگەر دابەشبکرێت بەسەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان پشکى کورسییەکانیان بەم جۆرە دەبێت: پارێزگاى سلێمانى 39 کورسی، هەولێر 35 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە دوو کورسی.