رێبین محەممەد حاجی مەحموود: لەگەڵ سەرۆک بارزانی باسی باشکردنی گوزەرانی خەڵکمان کرد

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی یەكشەممە، 31ی ئاداری 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا سیداد بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و رێبین محەممەد حاجی مەحموود، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئامادەبوون. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، "لە دیدارەكەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، پڕۆسەی سیاسیی عێراق و  کوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە و پرسە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ كرد."
 
رێبین محەممەد حاجی مەحموود بە رووداوی راگەیاند، " لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە خرایە بەرباس و گفتوگۆ، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی، جەخت لە یەکڕیزی نیشتمانی کورد و لایەنە سیاسییەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردن و باشکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان کرا."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان گوتیشی: " هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە تووندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە."