هاووڵاتییەکی تورک لە باکووری کوردستان دەژیت و هانی هاونیشتمانییان دەدات بە کوردی قسە بکەن

31-03-2024
هیدایەت جان
گفتوگۆی هاجەر و عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو.
گفتوگۆی هاجەر و عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاجەر، هاووڵاتییەکی تورکی خەڵکی ئیستەنبووڵە و دوای ئەوەی ژیانی هاوژینی لەگەڵ هاووڵاتییەکی عەرەب پێکهێناوە، چووەتە شاری ئێلیهی باکووری کوردستان و دەڵێت، بەر لە چوونی بۆ ئێلیهـ، گوێی لێ بووە کە خراپ باسی کورد کراوە، "بۆیە دەترسام".
 
دەشڵێت، "بەڵام دواتر ئەو برایەتییەی لە تورکەکانی ئیستەنبووڵ نەمبینیبوو، لە برا کوردەکانم بینی. ئەوان لە ئامێزیان گرتم و بوون بە خوشک و برام".
 
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024، هاجەر، هاووڵاتی تورکی خەڵکی ئیستەنبووڵ و نیشتەجێی شاری ئێلیهـی (باتمان)ـی باکووری کوردستان، بە عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە ئێلیهـ گوت، "باتمان بووە بە قوربانیی سیاسەت و هیچ کاتێک خزمەتی نەکراوە. ئەو کەسانەی دەنگیان پێدرا، یان قەییومیان لەشوێن دانرا و نەیانتوانی خزمەت بکەن یان بوون بە ئامرازی سیاسەتی کەسەکان و ئیدی شارەکە خزمەت نەکرا".
 
هاجەر 27 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاووڵاتییەکی عەرەب ژیانی هاوژینی پێکدێنێت و لەو کاتەوە لە ئێلیهـ نیشتەجێ دەبێت و دەڵێت، "ئیدی من باتمانیم؛ لە باتمانییەک زیاتر باتمانم خۆش دەوێت".
 
ئەو هاووڵاتییە باس لە ژینگەی سیاسیی 27 ساڵ لەمەوبەری ئیستەنبووڵ دەکات کە لەبارەی کورد چۆن بیریان کردووەتەوە و دەڵێت، "بەڕاستی ئەو برایەتییەی لە ئیستەنبووڵ لە تورکەکانم نەبینی، لە برا کوردەکانم بینی. ئەوان منیان لە ئامێز گرت، بوون بە دایک، خوشکی گەورە و برا، لەگەڵم بوون بە دراوسێ و هاوڕێ".
 
هاجەر باس لەو کاتە دەکات کە بە بووکیی چووەتە ئێلیهـ و دەڵێت، "لە راستیدا زۆر بەترسەوە هاتم. ئەو کات لەبارەی کورد بە خراپی قسە دەکرا. بەو ترسەوە هاتم، بەڵام سوپا بۆ خودا، هیچ کامێک لەوانەم نەبینی کە دەگوترا. تەنانەت لە کوردێک زیاتر هەست دەکەم کوردم".  
 
هاجەر بۆ ئەوەی فێری زمانی کوردی بێت، جووەتە کۆرسی زمان و رەخنە لە کوردانی ئێلیهـ دەگرێت کە بە زمانی کوردی کەم قسە دەکەن و دەڵێت،" کوردەکانیش باش کوردی نازانن؛ لە باڵەخانەکەی ئێمە کوردێكی زۆر هەیە، تەنانەت نەمبینی کوردەکانیش بە کوردی قسە بکەن"؛ بۆیە ئەوە بە "شەرمەزاری" ناودەبات. 
 
ئەو هاووڵاتییە داوا لە خەڵکی ئێلیهـ فێری زمانی دایکیان بن و دەشڵێت، "منداڵەکانی خۆم لە قوتابخانەدا ئینگلیزی و ماتماتیک دەخوێنن، بەڵام پێداگریی دەکەم بۆ ئەوەی وانەی کوردی وەک وانەی بژاردە هەڵبژێرن".
 
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو لەگەڵ هاجەر
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: دایە، سڵاوت لێ بێت.
 
هاجەر: مەرحەبا
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: چۆنی؟ باشی؟ 
 
هاجەر: باشم خودا لێت رازی بێت. من تورکم. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: تۆ تورکیت.
 
هاجەر: بەڵێ.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: کوردی تەواو بوو؟ 
 
هاجەر: تەواو بوو.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: عەرەبی؟ 
 
هاجەر: نا، من تورکم. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: با ئەو پرسیارەت لێ بکەم. لە مانگی رەمەزانداین، تەسبیحت بە دەستەوەیە. بە ئەگەرێکی زۆر بەدەم نزا کردنەوە دەچیت دەنگ دەدەیت. 
 
هاجەر: بەڵێ، رێک وایە. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: نزات بۆچی کرد؟ پەرۆشم بزانم.
 
هاجەر: گوتم خودایە، بۆ باتمانەکەمان کێ بۆ ئێمە خێردار دەبێت، ئەو دەرچێت. بەڕاستی ئەم باتمانە بووە بە قوربانی سیاسەت و هیچ کاتێک خزمەتی نەکراوە. ئەو کەسانەی دەنگیان پێدرا هاتن یان قەیومیان لەشوێن دانرا و نەیانتوانی خزمەت بکەن یان بوون بە ئامرازی سیاسەتی کەسەکان و ئیدی خزمەت نەکرا. بەڕاستی من ئیستەنبووڵیم، بەڵام 27 ساڵە لە باتمان دەژیم.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: تۆ خەڵکی ئیستەنبووڵیت؟
 
هاجەر: لە بنەڕەتدا خەڵکی ئیستەنبووڵم، بە بووکی هاتم بۆ باتمان. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: ئیدی باتمانیت؟
 
هاجەر: ئیدی باتمانیم، لە باتمانییەک زیاتر باتمانم خۆش دەوێت. بەڕاستی ئەو برایەتییەی لە ئیستەنبووڵ لە تورکەکان نەمبینی، لە برا کوردەکانم بینیم. خودا لە دراوسێ کوردەکانم رازی بێت، منیان لە ئامێز گرت، من هیچ جیاکارییەکم نەبینی. بۆ من بوون بە دایک، بوون بە خوشکی گەورە و بوون بە برا، بوون بە دراوسێ، بوون بە هاوڕێ.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: ناوت چی بوو؟
 
هاجەر: ناوم هاجەرە. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: هاجەر خانم، وەک ئەوەی هەڵاتبیت و هاتبیت بۆ باتمان. بەو شێوەیە باسی رووداوەکە دەکەیت. 
 
هاجەر: لە راستیدا زۆر بەترسەوە هاتم، ئەو کات لەبارەی کورد بە خراپی قسە دەکرا. بەو ترسەوە هاتم، بەڵام سوپاس بۆ خودا، هیچ کامێک لەوانەم نەبینی. تەنانەت من لە کوردێک زیاتر هەست دەکەم کوردم.  
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: هاوژینەکەت خەڵکی کوێیە؟
 
هاجەر: هاوژینەکەم عەرەبە؛ کورد نییە.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: فێری کوردی نەبوویت؟
 
هاجەر: کوردەکانیش باش کوردی نازانن؛ لە باڵەخانەکەی ئێمە کوردێكی زۆر هەیە، تەنانەت نەمبینی کوردەکانیش بە کوردی قسە بکەن. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: پێت وایە ئەمە جێگەی شەرمەزارییە؟
 
هاجەر: جێگەی شەرمەزارییە. من وەکو تورکێک چووم بۆ کۆرسی کوردی بۆ ئەوەی فێری کوردی ببم. بۆیە سەرەتا بە کوردی قسەم کرد لەگەڵتان. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: دەتەوێت چی بە دراوسێ کوردەکانت بڵێی؟ 
 
هاجەر: پێیان دەڵێم با خۆیان بە خاوەنی زمانی دایکیان بزانن. با فێری زمانی دایکیان ببن. من تەنانەت بۆ منداڵەکانی خۆم لە قوتابخانە لە کاتێکدا هەمووان ئینگلیزی، ماتماتیک دەخوێنن، من بۆ ئەوەی وانەی کوردی هەڵبژێرن پێداگری دەکەم. تەنانەت پێیان دەڵێم...
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: وەک وانەی بژاردە.
 
هاجەر: بەڵێ، وەک وانەی بژاردە. تەنانەت لەبارەی زمانی کوردیی دایک دەستخۆشی لە سەرکان رامانڵی (پەرلەمانتاری هوداپار) دەکەم. نەوەک وەکو حیزب، بەڵام وەکو مرۆڤ بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی زمانی دایک کرد. من وەک تورکێک ئەمەم لەو بینی. من زۆریش سەرم سووڕما.
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: با کەمێك بە رێگەدا بڕۆین. 
 
هاجەر: ستایشی ئەوەم کرد کە خۆی بەخاوەنی زمانی دایک زانی. پشت بە خودا منیش فێری کوردی دەبم. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: با ئەوەت لێ بپرسم، قسەکانت هێندە کاریگەربوون وەڵڵا پرسیارەکەمم بیرچووەوە. پرسیای چیم لێ ئەکرد؟
 
هاجەر: فەرموون. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: گوتتان نزا دەکەن؟
 
هاجەر: نزا دەکەم کە باتمانییەکان باتمان بەڕێوەببەن. بەڕاستیش باتمانییەکان باتمان بەڕێوەببەن. ئەوانەی بەڕاستی خزمەتی باتمان دەکەن، ئێرە بەڕێوەببەن. بڕوام وایە ئەوەی بە هەڵبژاردن هاتووە، دەبێت بە هەڵبژاردن بڕوات. لە دیموکراسییەتدا کەموکوڕیمان زۆرە و من دژی ئەوەم. ئێمە دەڵێین کێ شایستەیە با بیباتەوە، بەڵام ئەو کەسە شایستەیەش ئێمە هەڵیدەبژێرین. بە دەنگی ئێمە هەڵدەبژێردرێت. دواتر گلەیی دەکەین و دەڵێین گرانییە، قوتابخانە و پارکەکان بەو جۆرەن، واتە ئێمە ئەو کەسانەمان پێ هەڵنابژێردرێت ک کە کاروبارمان بەڕێوەمان ببەن و دواتریش رەخنە دەگرین. من ئەوەشم پێ هەڵەیە. خەڵکی باتمان لە جوانترین کەسەکانن و شایەنی هەموو شتە باشەکانن؛ شایەنی ئەوەن بەباشترین شێوە کاروباریان بەڕێوەببردرێت. من بۆ ئەوە نزا دەکەم، دەڵێم خودایە ئیدی با خەڵکی باتمان بەو خزمەتە بگات کە شایستەیەتی. بەسە، با چیدیکە مرۆڤەکان لە نێو ئەو بەرداشەدا گیرنەخۆن. باتمان دەتوانێت ببێت بە گەورەشار و بگاتە ئاستێکی زۆر باش. خەڵکەکەی خاوەن کولتوورە. من لە ئیستەنبووڵم، ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکارم نەبینیوە بەشی پزیشکی بخوێنێ. گەنجەکانمان زۆر چالاکن؛ پەروەردەیان زۆر جوانە و زۆر بایەخ بە پەروەردە دەدەن. دەمەوێت ئیدی باتمان لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوەببردرێت کە شایستەیەتی. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: هاجەر خان؛ باتمانی نیت و زۆر خەمخۆری باتمانیت.
 
هاجەر: من بەڕاستی لە خەمی باتماندام، دەڵێن بۆچی؟ من لە باتمان دەژیم. خودا یار بێت، منداڵەکانم و نەوەکانم لێرە دەژین و بەڕاستی بڕوام وایە ئێرە شارێکی زۆر جوانە. تەنیا دەمەوێت نەکەوێتە نێو گەمەی سیاسییەکان و خزمەت بکرێت و دەمەوێت باتمان لەلایەن باتمانییەکانەوە بەڕێوەببردرێت. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: زۆر سوپاست دەکەم.
 
هاجەر: من سوپاست دەکەم. 
 
عەبدولسەلام ئاکنجی: هیوادارم نزاکەت قبووڵ بێت. 
 
هاجەر: زۆر سوپاست دەکەم. ئیمە براین، دەمەوێت لەم هەڵبژاردنەدا هیچ حیزبێک شەڕ نەکات، خوێن نەڕژێت، برایەتی و یەکێتی و پێکەوەییمان تێک نەچێت. کام حیزبە بیباتەوە، باتمانەکەمان دەیبەنەوە، گرنگ ئەوەیە برایەتیمان تێک نەچێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."