رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکدا کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە هێرشی درۆنی بووە یان تەقینەوە، سەرۆکهۆزێکی تورکمان لە کفری کوژرا. شاهێدحاڵێکیش دەڵێت "پێش رووداوەکە گوێم لە دەنگی درۆن بووە و لە کامێرای چاودێریشەوە دەرکەوتووە."
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31-3-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو کەسەی کوژراوە ناوی حوسێن عەلوشە و سەرۆکی عەشیرەتی بەیاتە لە نەتەوەی تورکمان."
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان، چووە شوێنی رووداوەکە و گوتی: بەپێی قسەی شاهێدحاڵەکان، هێرشی درۆنی بووە، بەڵام تائێستا هێزە ئەمنییەکان لەوبارەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.
شاهێدحاڵێک: ئەو درۆنەی حوسێن عەلوشی کوشت، لە کامێراکانەوە دەرکەوتووە
خاوەنی ئەو باڵەخانەی حوسێن عەلوش لە بەردەمیدا کوژرا، قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی "دیوەخانی کوژراوەکە لە بەرامبەر باڵەخانەکەی ئێمەیە، لەکاتی پەڕینەوەی بۆ بەردەم باڵەخانەکەی ئێمە، کوژراوە."
لەبارەی زیانەکانیشەوە گوتی "بە بەهای دوو دەفتەر (20هەزار دۆلار) زیان بە دووکان و باڵەخانەکەمان کەوتووە."
هاونیشتمانییەکی دیکە لە شوێنی رووداوەکەوە قسەی بۆ هونەر حەمید کرد و گوتی "من، خۆم گوێم لە دەنگی درۆن بوو، دواتر بیستم تەقینەوە بووە. هەروەها لە کامێرای چاودێریشەوە دەرکەوتووە کە درۆن بووە."
تەرمی حوسێن عەلوش پارچەپارچە بووە
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، تەرمی کوژراوەکە پارچەپارچە بووە، هەروەها شوێنی تەقینەوەکە دیار نییە، بۆیە رەنگە درۆن بووبێت.
شاهێدحاڵێکی دیکە بە هونەر حەمیدی گوت "کاک حوسێن پیاوێکی زۆر بێتاوان بوو، هەموو هەینییەک هۆزەکەی و سەرۆکهۆزەکانی دیکەی بانگهێشت دەکرد، 20 ساڵە من رۆژنامەی بۆ دەهێنم، نەمزانیوە تاوانێکی کردبێت. پیاوێکی زۆر خوێنەر بوو، هەروەها نووسەریش بوو."
قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، جگە لە کورد، بەشێکی دانیشتووانی قەزاکە لە نەتەوەی تورکمانن.
بەرەى تورکمانى: هێرشەکەى کفرى بە درۆن بووە و ئاماژەیەکى مەترسیدارە
سەرۆکایەتیى بەرەى تورکمانى عێراق ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا ئەو هێرشەى بە تیرۆریستى وەسفکرد و ئاماژەى بەوەدا، هێرشەکە بە درۆن کراوە و میوانخانەیەکى هۆزى بەیاتى لە قەزاى کفرى کردووەتە ئامانج و بە هۆیەوە حوسێن عەلوش کوژراوە.
سەرۆکایەتیى بەرەى تورکمانى ئاماژەى بەوە داوە، ئەو ھێرشە بەڵگەى بەئامانجگرتنى راستەوخۆى پێکھاتەى تورکمانە و ئاماژەیەکى مەترسیدارە، کە ئامانج لێى تێکدانى دۆخى ئەمنى و سەقامگیرى و پێکەوەژیانە لەنێوان پێکهاتەکانى کفرى، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
بەرەى تورکمانى داواى لە محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق، هەروەها داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات رێوشوێنى "بەپەلە" و "دەستبەجێ" بگرنەبەر بۆ فەراهەمکردنى ئاسایش لە قەزاى کفرى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ