رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو 12ـی ئەمشەو لە وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان تاوەکو کاژێر 12 ئەمشەو لە وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکانی هاوپەیمانی، پارتە سیاسییەکان و سەربەخۆکان بەردەوام دەبن".
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ئەمە دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان".
تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لیستی بەربژێرانیان پێشکێشنەکردووە. هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش لیستی خۆیان داوەتە کۆمیسیۆن.
بەرپرسێکی باڵای بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ پارتی لیستی ناوی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکێش ناکات و بە رووداوی گوت، "جگە لە تێبینییەکان کە لە راگەیێندراوەکەی 18ـی مانگی ئاداری مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەماندا باسکراون، ترس لە دەستکاریکردنی ئەنجامی دەنگدان لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە هەیە."
ئەو بەرپرسەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە کارەکانی ئامادەکردنی لیستی بەربژێران بەشێوەیەک لە شێوەکان راگیراون؛ گوتیشی، "پارتی جگە لە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری سەدان هەزار دەنگدەر، ترسی ئەوەشی هەیە کە لەڕێگەی دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە ئەنجامی هەڵبژاردنیش بە پاساوی جیا جیا بگۆڕدرێت؛ بۆیە بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردندا پێ باشترە."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش نزیکەی 200 بەربژێری لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەربژێر کردووە و، ئەمڕۆ لیستەکەی رادەست کرد.
جوڵانەوەی نەوەی نوێش ئەمڕۆ لیستی بەربژێرانی پێشکێشکرد. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جووڵانەوەکە 100 بەربژێری بۆ هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەم جۆرە؛ 50 بەربژێر لە سلێمانی، 30 بەربژێر لە هەولێر، 14 بەربژێر لە دهۆک و شەش بەربژێریش لە هەڵەبجە.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لەبارەی لیستی ناوی بەربژێرانی حیزبەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی رابردوو لیستی ناوی بەربژێرانمان پێشکێشکرد؛ نزیکەی 60 بەربژێر دەبن".
کۆمەڵی دادگەری کوردستانیش ئەمڕۆ لیستی ناوی بەربژێرانی پێشکێشی کۆمیسیۆن کرد.
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمەڵی دادگەری ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، 59 بەربژێریان هەیە و بەم شێوەیە بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن دابەشبوون: هەولێر 15 بەربژێر، سلێمانی 22 بەربژێر، دهۆک 6 بەربژێر و هەڵەبجە 6 بەربژێر.
بزووتنەوەی گۆڕانیش تاوەکو ئێستا ناوی بەربژێرانی پێشکێش نەکردووە.
بەرپرسێکی ئەو بزووتنەوەیە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لیستی ناوی بەربژێرانمان پێشکێشی کۆمیسیۆن دەکەین، بەڵام چاوەڕوانین لە ساتەکانی کۆتاییدا ئەو کارە بکەین."
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانی لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە هەیە و 18-3-2024 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ